بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەم مزگەوتە لە سەردەمی خۆیدا ڕۆڵی بەرچاوی لە گەشەی شارنشینی لە ئەسفەهاندا هەبووە و بەردەوام بە درێژایی مێژوو گرنگیی پێدراوە.
مزگەوتی گشتی ئەسفەهان کە لە ڕیزی مزگەوتە کۆنەکانی ئێراندایە، چەندین جار نۆژەن کراوەتەوە و ئەوەی کە ئەمڕۆ دەیبینین لە گۆڕانکارییەکانی سەردەمی سەلجوقییەکان بە جێماوە. خەلیفە موعتەسەمی عەباسی لە ساڵی 226 ی کۆچی مانگی فەرمانی درووستکردنی مزگەوتێکی نوێی لە شوێنی مزگەوتەکەی پێشوو دەرکرد و دواتریش لە سەردەمی سەلجوقییەکان گۆڕانکاری بەرچاو لەم مزگەوتەدا کرا.
لە ڕاستیدا مزگەوتی گشتی عەتیقی ئەسفەهان وەک تابلۆیەکی نیگارکێشییە کە هونەرمەندانی هەر سەردەمێکی مێژووی ئێران، هونەری خۆیان تێدا نەخشاندووە تا ئەمڕۆ ئەم دەسکەوتە گرنگە بە یادگار بمێنێتەوە.
بەدەر لە حکومەتی سەلجوقی، لە سەردەمی ئیلخانی، موزەفەری، ئالی بویە، تەیموریان، سەفەوییان و حکومەتی قاجاریش گۆڕانکاری لەم مزگەوتەدا کراوە و هونەری هەر سەردەمێکی تێدا دەبینرێت.
مزگەوتەکە وەک زۆربەی مزگەوتە مێژووییەکانی ئێران لە سەر شێوازی چوار هەیوانی درووست کراوە و جوانکارییەکانی سرنجی هەر بینەرێک بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت. هەیوانی دەروێش، ساحیب، مامۆستا و قوتابی، بە چوار هەیوانەکەی ئەم مزگەوتە دادەنرێت. ئەم مزگەوتە لە ساڵی 1310 ی کۆچی هەتاوی لە ڕیزی ئاسەوارە نیشتمانییەکانی ئێران تۆمار کراوە و هەروەها لە ڕیزی ئاسەوارە تۆمارکراوەکانی ئێرانیشە لە ڕێکخراوی یۆنسکۆ./.