بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پرۆژەپێشنیاری دوو ساڵانەی کۆماری ئیسلامی ئێران بە ناونیشانی ” بەدواداچوونی جێبەجێکردنی بەڵێنە ڕێکەوتن کراوەکان لە کۆنفرانسەکانی پێداچوونەوەی وڵاتانی ئەندام لە NPT لە ساڵانی 1995، 2000 و 2010 ” بە کۆی دەنگی ئەندامانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پەسەند کرا.
پێشنیارەکە داوا لە وڵاتانی ئەندام لە NPT دەکات هەنگاوەکانی خۆیان بۆ جێبەجێکردنی بەڵێنەکانیان سەبارەت بە لەناوبردنی تەواوی کۆگاکانی چەکی ناوەکی بە پێی بنەماکانی شەفافییەت، نەگەڕانەوە و چاودێری نێودەوڵەتی خێراتر بکەن.
بە پێی ڕێکەوتنی ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی چەکی ناوەکی، وڵاتانی زلهێز بەڵێنی ئەوەیان داوە کە سەرجەم چەکەکانی خۆیان لە ناو ببەن، هەروەها ئەوان نەک تەنیا لە ڕووی یاساییەوە پابەندی ئەوە بوون کە واز لە دووبارە وەبەرهێنانی ئەو جۆرە چەکانە بێنن، بەڵکوو دەبێت ڕێگری لە گواستنەوەی ئەو چەکانە بۆ دەرەوەی خاکی خۆیان و جێگیرکردنیان لە خاکی وڵاتانی دیکەدا بکەن، هەروەها نابێت هاوکاری هیچ وڵاتێکی دیکەش بۆ وەبەرهێنانی ئەو چەکانە بکەن.
لە بەشێکی پرۆژەپێشنیارەکەی ئێراندا جەخت لە سەر داماڵینی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە چەکی ناوەکی بە تایبەت لە لایەن ڕژێمی زایۆنیستییەوە کراوەتەوە و داوا دەکات ئەو ڕژێمە ببێتە ئەندام لە NPT و چاودێری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکیش لە سەر دامەزراوەکانی خۆی قبووڵ بکات.
ئەمریکا، ڕژێمی زایۆنیستی، وڵاتانی ئەورووپی و چەندین هاوپەیمانی دیکەی ئەمریکا دەنگی نەرێنییان بە پێشنیارەکەی ئێران دا.
بڕیارە پێشنیارە پەسەندکراوەکەی ئێران نزیکەی یەک مانگی دیکە ببرێتە کۆبوونەوەی گشتی لە نەتەوە یەکگرتووەکان و لەوێدا بە تەواوی پەسەند بکرێت./.