شوان داودی لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی سەبارەت بە داهاتووی پۆستی پارێزگاری کەرکوک و دۆخی ئەو پارێزگایە لە پاش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی عێراق، وتی: پرسی پۆستی پارێزگاری کەرکوک پرسێکی سیاسییە و هێندە پرسێکی یاسایی نییە، بە پێی یاسا، پارێزگار لە ڕێگای ئەنجومەنی پارێزگاوە هەڵدەبژێرێت، ئێستا ئەنجومەنی پارێزگا لە کاردکردن ڕاگیراوە، کەرکوک بێ ئەنجومەنە و دیار نییە کەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانیش بەڕێوە دەچێت.
ناوبراو لە درێژەدا وتی: ئەگەر ئەم هەڵبژاردنەی ئێستاش بکەینە پێوەر، کورد لە کۆی 12 کورسی پارێزگای کەرکوک لە پەرلەمانی عێراق بووەتە خاوەنی 6 کورسی و تورکمان و عەرەبەکان پێکەوە 6 کورسییان هەیە، لە ناو کوردیشدا یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە کەرکوک زۆرینەوە و پۆستی پارێزگار بە مافی خۆی دەزانێت.
ئەندامی پێشووتری پەرلەمانی عێراق وتی: کێشەکە لەوەدایە کە کورد لە ئێستادا یەک دەنگ نییە، بە تایبەت یەکێتی و پارتی لە ناو خۆیاندا لە سەر داهاتووی پۆستی پارێزگاری کەرکوک نەگەیشتوونەتە ڕێکەوتن، تا ئەو لێک تێگەیشتن و ڕێکەوتنەی نێوان یەکێتی و پارتیش نەبێت ناتوانرێت ئەو پرسە لە گەڵ پێکهاتەکانی دیکەی کەرکوک باس بکرێت.
داودی وتی: پێشتر ئەزموونێکی تاڵمان هەیە، لە پاش دوورخستنەوەی نەجمەدین کەریم لە پۆستی پارێزگاری کەرکوک کە لە پاش ڕیفراندۆمەوە بوو، کورد لە ناو خۆیدا لە سەر هەڵبژاردنی کەسێک وەک پارێزگاری کەرکوک نەگەیشتە ڕێکەوتن، ئەمەش لە کاتێکدا بوو کە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک مابوو و زۆرینەی ئەندامەکانیشی کورد بوون، لە کۆی 40 ئەندام 26 ی کورد بوون و دەتوانرا بە ئاسانی کۆبوونەوەیەک بکرێت و پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکوک دابنێن.
ناوبراو لە کۆتاییدا وتی کە گرفتەکە زیاتر لە ناو ماڵی کوردیدایە و هێندە لای پێکهاتەکانی دیکەی کەرکوک نییە. ئەگەر ڕێکەوتنێکی کوردی لە سەر کەرکوک هەبێت دەتوانرێت لە گەڵ پێکهاتەکانی دیکەی کەرکوک و حکومەتی عێراقیش وتووێژ بکرێت بەڵام ئەوەندە حیزبەکان کێشەکان بۆ کورد درووست کردووە، ئەوەندە پێکهاتەکانی دیکە بۆیان درووست نەکردووە.
وتووێژ: هاودەنگ محەممەد