بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دکتۆر حوسێن کەرەمی ڕایگەیاندووە کە بە دە ڕێگا لە ماڵەوە دەتوانن چارەسەری نەخۆشیی بەردی گورچیلە بکەن.
ئەو ڕێگایانەش بریتین لە:
1 – خواردنەوەی ئاو:
یەکێک لە ساکارترین ڕێگاکانە بۆ ڕێگری و چارەسەرکردنی نەخۆشی بەردی گورچیلە. خواردنی ڕۆژانە 8 پەرداخ ئاو بە سوودە و ئەگەر 12 پەرداخ بخورێتەوە ئاسانتر ئەو بەردە دوور دەخرێتەوە.
2 – ئاوی لیمۆ:
خواردنی دوو پەرداخ ئاوی لیمۆ پێش خواردنی ژەمی بەیانی و چەندین کاتژمێر پێش خواردنی ئێواران دەتوانێت ڕێگری لە دروستبوونی بەردی گورچیلە بکات.
3 – نەعنا:
کەوچکێک گیراوی گەڵای نەعنا لە ڕۆژدا دەتوانێت بۆ ڕێگری و دوورخستنەوەی بەردی گورچیلە بەکەڵک بێت.
4 – سرکەی سێو:
دوو کەوچک سرکەی سێو لە گەڵ ئاو تێکەڵ بکرێت دەتوانێت نیشانەکانی نەخۆشیی بەردی گورچیلە کەم بکاتەوە و ڕێگری لە گەورەبوونی بکات، باشترە کە پێش خواردنی ژەمەکان بێت تا کاریگەری هەبێت.
5 – ئاوی گەنم:
ئاوی گەنم پێکهاتەیەکی هەیە کە میزکردن زیاتر دەکات و لەم ڕێگایەوە دوورخستنەوەی بەردی گورچیلە ئاسانتر دەبێت.
6 – ئاوی کەرەوز:
زیادکردنی کەرەوز لە ژەمەکانی خواردن دەتوانێت ڕێگری لە توشبوون بە نەخۆشیی بەردی گورچیلە بکات. هەروەها ئاوی کەرەوز دەتوانێت ڕۆژانە بەکار بهێندرێت تا نیشانەکانی بەردی گورچیلە چارەسەر بکات.
7 – زەیتی زەیتون:
باشترە کە یەکەم شتێک کە بەیانیان دەیخۆن زەیتی زەیتون بێت کە دوورخستنەوەی بەردی گورچیلە ئاسانتر دەکات.
8 – ئاوی هەنار:
ئاوی هەنار ئەنتی ئۆکسیدانی هەیە و دەتوانێت ئەگەری توشبوون بە بەردی گورچیلە کەم بکاتەوە.
9 – دابەزینی کێش:
کێشی تەندرووست و سیستەمی خۆراکیی گونجاو بۆ ڕێگری لە توشبوون بە بەردی گورچیلە و چارەسەرکردنی بە پێویست دادەنرێت.
10 – فاسۆلیا:
خواردنی فاسۆلیاش بۆ کەمکردنەوەی ئەگەری توشبوون بە بەردی گورچیلە و کاریگەرییەکانی بەسوودە./.