بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دکتۆر پشدەر عەبدوڵڵا ئیسماعیل، پسپۆڕ لە بواری نەخۆشییەکانی منداڵان هۆکارەکانی بەم شێوازە باس کردووە.
بە هۆی داخستنی دەرگای قوتابخانەکان و خوێندنگاکان لە دوو ساڵی ڕابردوو کەمترین منداڵ تووشی پەتای وەرزی و کۆرۆنا بوون، هەر بۆیە کەمترین منداڵ بەرگرییان بۆ درووست بوبوو. لە بەر ئەوەی کە ئەو ڤایرۆسانەی پەتای وەرزی درووست دەکەن ژمارەیان زۆرترە لە دوو سەد جۆرە ڤایرۆس، لە ئەگەری توشبوونیان بە ڤایرۆس و دروستنەبوونی بەرگری، ئەگەری توشبوونیان زیاتر دەبێت.
یەکێک لە هۆکارەکانی دیکە ئەوەیە کە تا ئێستا باران نەباریوە و کەش و هەوا وشکە و هەر بۆیە ئەگەری توشبوون زیاترە.
بەشێک لە منداڵان سنگیان هەستیارە و زۆربەی کات کۆکە و خیزەی سنگیان هەیە. ئەوان کاتێک تووشی پەتایەک دەبن زۆر درەنگ چاک دەبنەوە تا لە ڤایرۆسەکە ڕزگاریان دەبێت، واتە ئەگەر منداڵێکی دیکە بە سێ ڕۆژ نیشانەکانی پەتاکەیان نەمێنێت، ئەو منداڵانە هەندێک جار بۆ دوو یان سێ هەفتە کۆکە و خیزەی سنگیان هەیە./.