بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەلی باقری کە لە ڕۆژانی ڕابردوو لە برۆکسێل لە گەڵ جێگری بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا کۆبووە و ڕایگەیاند کە دانوستانەکانی ڤیەننای تایبەت بە دۆسیەی ناوەکی ئێران پێش کۆتایی مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ دەست پێدەکاتەوە، بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە مۆسکۆ.
ناوبراو لە سەردانەکەیدا لە گەڵ سرگێی ڕیابکۆف جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا کۆدەبێتەوە.
باقری ڕایگەیاندووە کە بە پێی ڕێکەوتنی هاوبەش لە گەڵ وڵاتانی 1+4، دانوستانی دووقۆڵی لە گەڵ هەر یەک لەم وڵاتانە بۆ ئاڵوگۆڕی بۆچوونەکان سەبارەت بە هەڵگرتنی گەمارۆ زاڵمانەکانی دژ بە گەلی ئێران دەکرێت و یەکەم گەڕی ئەو دانوستانانەش لە گەڵ ڕووسیا دەبێت.
ئەمەش یەکەم سەردانی عەلی باقرییە بۆ ڕووسیا لەو کاتەوە کە بووەتە جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران. پێشتر ئەو پۆستە لای سەید عەباس عێراقچی بووە کە ئێستا ڕاوێژکاری حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێرانە./.