بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دکتۆر محەممەد ڕزوانی لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە لە کاتی توشبوون بە کۆرۆنا سترێسی زۆر تووشی نەخۆشەکە دەبێت و ئەمەش ڕەنگە کاریگەریی لە سەر تەندرووستی قژ هەبێت، ئایا بۆ بەهێزکردنی قژ لەو کاتەدا ڕێنمایی هەیە؟ وتی: زۆربەی ئەوانەی تووشی کۆرۆنا دەبن پاش چاکبوونەوەیان تووشی هەڵوەرینی قژ دەبن، ئەمە لە ڕوانگەی ئێمەوە هەڵوەرینی قژە لە پاش ڕووداوێک و پاش هەر ڕووداوێک بۆ جەستە بە گشتی دوو تا سێ مانگ ئەو هەڵوەرینەی قژ دەست پێدەکات. بۆ نموونە، هەڵوەرینی قژی ژنان لە پاش منداڵبوونیان، لە کۆنەوە باسی ئەوەیان دەکرد کە کاتێک منداڵەکە دایکی ناسی ئەو هەڵوەرینە دەست پێدەکات. یان کاتێک نەشتەرگەری بۆ کەسێک دەکرێت دوو یان سێ مانگ پاش ئەوە قژی تووشی هەڵوەرین دەبێت و خەڵک بە گشتی دەڵێن کە مادە کیمیاییەکانی پێ نەهاتووە، یان کەسێک کە ڕێجیم دەکات و لە ماوەی چەند مانگێکدا چەندین کیلۆ کێشی دادەبەزێت و پاشان تووشی هەڵوەرینی قژیش دەبێت. ئەمانە لای ئێمەوە بە هەڵوەرینی قژ لە پاش ڕووداوەکانی جەستەوە دەناسرێت.
ناوبراو وتی: نەخۆشیی کۆرۆنا بۆ جەستە بە ڕووداوێک دادەنرێت و قژ تووشی هەڵوەرین دبێت. ڤایرۆسەکە لەم حاڵەتەدا کاریگەری نییە بەڵکوو گرنگ ئەو ڕووداوەیە بۆ جەستە. لەم حاڵەتەدا جەستەی مرۆڤ نابێت تووشی کەمی ڤیتامین و پرۆتینەکان بێت تا قژە هەڵوەریوەکان دیسانەوە بێتەوە. ڕەنگە لە وەها حاڵەتێکدا یەک لە سەر سێی قژی کەسەکەش هەڵوەرێت بەڵام بە مەرجی ئەوەی کە کەمبوونی ڤیتامین ڕوو نەدات ئاکامێکی باشی دەبێت. نابێت جەستە تووشی کەمیی جۆرەکانی ڤیتامین B و ڤیتامین D و ئاسن و ئەمینۆ ئەسیدەکان بێت. هەر بۆیە کاتێک کەسێک ڕوبەڕوی ئەم هەڵوەرینە دەبێتەوە دەبێت سەردانی پزیشک بکات و پشکنینی بۆ کەمبوونی ئەو ڤیتامینانە بۆ بکرێت.
دکتۆر ڕزوانی لە درێژەدا وتی: سەردانیکردنی پزیشک لەم حاڵەتدا باشترین بژاردەیە و دەبێت لە هەڵە بەکارهێنانی دەرمانەکان ڕێگری بکرێت، بە تایبەت بەکارهێنانی ئەو حەبانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕێکلامی بۆ دەکرێت و پێکهاتەکەی بۆ توشبووەکە ڕوون نییە. هەروەها توشبووەکە بە تەنیا ناتوانێت خۆی لە ڕێگای بەکارهێنانی جۆرە شامپۆیەک لەم کێشەیە ڕزگار بکات.
ئەو پسپۆڕەی پێست و قژ سەبارەت بە کاریگەریی سیستەمی خۆراک لە سەر بەهێزبوونەوەی دووبارەی قژ، وتی: ئەمڕۆ بۆ بەهێزبوونەوەی قژ جۆرە پێکوتەکانی وەک بیۆتن و بپانتن لە توشبووەکە دەدرێت. پێشنیار ئەوەیە کە ئەگەر کەسێک تووشی ئەم حاڵەتە دەبێت سەردانی پزیشک بکات و بە دڵنیاییەوە کە دەبێت پشکنینی پێویستی بۆ بکرێت. زینک لە خاکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کەمە، یان بۆ نموونە لە ئێراندا کەمیی ڤیتامین B هەیە لە بەر ئەوەی کە خواردنە دەریاییەکان کەمە. کەمبوونی ڤیتامین D لە توشبوون بە کۆرۆنا و ڕێژەکەی کاریگەری هەبووە و بە بەکارهێنانی ئەم ڤیتامینە دەتوانین سیستەمی بەرگری جەستە بەهێز بکەین و هەروەها ڕۆڵی لە بەهێزبوونەوەی قژیشدا هەبێت./.