بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بەشار ئەسەد لە ڕێوڕەسمی دەرچوونی ئەفسەرانی خولی سی و شەشەمی کۆلێژی باڵای سەربازیی دیمەشق، وتی: ئێمە لە سوریا لە ناو جەرگەی شەڕدا بە هەموو هێز و توانایەکەوە هەوڵ دەدەین هەنگاو بەرەو گەشە و پێشکەوتن بنێین و ئەم پێشکەوتنەش سەرجەم بەشەکانی وەک ئابوری و سەربازی و ئیداری و ئایدۆلۆژیایی لە خۆ دەگرێت.
ناوبراو وتی: دەوترێت کە ئەمریکا یەک ترلیۆن دۆلاری لە عێراق بەکار هێناوە، چەندین هێندەی ئەو پارەیە لە ئەفغانستان، پرسیار ئەوەیە کە ئەمریکییەکان ئەو پارەیان بە کێ داوە؟ ئایا بە گەلی عێراقیان داوە؟ ئایا پارەکە دراوەتە گەلی ئەفغانستان؟ ئەمریکا ئەو پارەی بۆ کۆمپانیاکانی خۆی، ناردنی چەک و کەرەستە جیاجیاکان بەکار هێناوە، هەر بۆیە بەو ئەنجامە دەگەین لە ڕوانگەی ئەمریکییەکانەوە شەڕەکە شەڕی دۆلارە و تەنیا لە بەرژەوەندی کۆمپانیا ئەمریکییەکانە و لە پاش شکستەکانی ئەمریکا لە ڤێتنام، عێراق و ئەفغانستان، واشنتن پەنا بۆ شەڕەکانی دیکە دەبات بەڵام شکستی زیاتریش بە ناوی خۆیەوە تۆمار دەکات.
سەرۆک کۆماری سوریا وتی کە ئەوەی دەمێنێتەوە بەرگری و خۆڕاگری وڵاتانە لە بەرامبەر ئەو سیاسەتەی ئەمریکا، ئەوانەی کە خۆڕاگری دەکەن، هەرچەندە وڵاتانی بچووکیش بن، بەردەوام دەمێننەوە./.