بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی دراوسێی ئەفغانستان لە تاران بەڕێوەچووە. بەدەر لە وڵاتانی ئێران، چین، پاکستان، تاجیکستان، تورکمانستان و ئۆزبەکستان، ڕووسیاش بەشداریی لەو کۆبوونەوەدا کرد.
وەزیرانی دەرەوەی ڕووسیا و چین لە ڕێگای ڤیدیۆکۆنفرانسەوە وتاری خۆیان پێشکەش کرد، هەروەها ئەمینداری گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش وتارێکی لەو ڕێگایەوە هەبوو، جێگری یەکەمی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەر دۆخی ئەفغانستان لە کۆبوونەوەکەدا وتاری خۆیی پێشکەش کرد. دواتریش وەزیرانی دەرەوەی بەشدار لە کۆبوونەوەکە تیڕوانین و سیاسەتی وڵاتەکانیان لە سەر دۆخی ئەفغانستان و چۆنیەتی چارەسەرکردنی قەیرانەکانی ئەم وڵاتە خستەڕوو.
لە کۆتایی کۆبوونەوە یەک ڕۆژەکەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی دراوسێی ئەفغانستان لە تاران، ڕاگەێندراوێکی هاوبەش بڵاو کرایەوە کە ناوەڕۆکەکەی بەم شێوازەیە:
- بە هۆی ئەوەی کە دۆخی ئەفغانستان تووشی گۆڕانکاری بنەڕەتی بووە جەخت لە سەر پاڵپشتی تەواو لە سەروەری نیشتمانی، سەربەخۆیی سیاسی، یەکگرتوویی و یەکپارچەیی خاکی ئەفغانستان و ڕەتکردنەوەی دەستێوەردانی دەرەکی لەم وڵاتەدا کرایەوە.
- وڵاتانی دراوسێی ئەفغانستان نیگەرانی خۆیان لە دۆخی دژواری سیاسی، ئەمنی، ئابوری، کۆمەڵایەتی و مرۆڤدۆستانە لە ئەفغانستان دەربڕی.
- ئەوان ڕێکەوتن کە ئەو وڵاتانەی بەرپرسی ئەم دۆخەی ئەفغانستانن دەبێت بەڵێنەکانی خۆیان بە جیدی جێبەجێ بکەن و هاوکاری پێویست و بەپەلەی ئابوری و مرۆڤدۆستانەی ئەم وڵاتە بکەن.
- پاڵپشتی بەهێزی وڵاتانی دراوسێی ئەفغانستان بۆ گەیشتن بە ئاشتی، سەقامگیری و ئاشتەوایی نیشتمانی ڕاگەێندرا و داواش لە سەرجەم لایەنەکانی ئەفغانستان کرا کە بۆ باشترکردنی دۆخی داهاتووی خەڵکی ئەفغانستان ڕوو لە وتووێژ بکەن.
- جەخت لەوەش کرایەوە کە ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان بە تایبەت نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەبێت پابەندی بەرپرسیاریەتی خۆیان سەبارەت بە بەرەوپێشچوونی چارەسەری سیاسیی کێشەکانی ئەفغانستان بن و پاڵپشتیش لە ئەفغانەکان بکەن بۆ پەرەپێدانی ژێرخانە ئابوری و کۆمەڵایەتییەکان و هەروەها هاوکارییە مرۆڤدۆستانەکان.
- وڵاتانی دراوسێ نیگەرانی خۆیان لە سەر دۆخی ئابوری خەڵکی ئەفغانستان دەربڕی و داوایان لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کرد کە بەپەلە هاوکارییە مرۆڤدۆستانەکان بەم وڵاتە بگات.
- ئەوان هەروەها هێرشە تیرۆریستییەکانیان لە هەر شێوازێک و دژ بە هەر پێکهاتە و مەزهەبێک ئیدانە کرد، بە تایبەت ئەو هێرشانەی بەم دواییانە کرایە سەر شێعەکانی ئەفغانستان./.