بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، شامەحمود قورەیشی وەزیری دەرەوەی پاکستان لە دووەم کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی دراوسێی ئەفغانستان لە تاران، وتی: دەبێت کۆمەڵگای نێودەوڵەتی گرنگی بە دۆخی ئابوری و بژێوی ژیانی خەڵکی ئەفغانستان بدات و ڕێگری لە کارەساتێکی مرۆڤی لەم وڵاتەدا بکات، هەروەها دەبێت پارە دەست بە سەر گیراوەکانی ئەفغانستانیش ئازاد بکرێت.
ناوبراو وتی: لە چەند مانگی ڕابردوو گۆڕانکاری گەورە لە ئەفغانستان ڕوویدا، تاڵیبان بە بێ خوێنڕشتن دەسەڵاتی بە دەستەوە گرت و لە ئێستادا شەپۆلی پەنابەرانی ئەم وڵاتە دەبینرێت.
وتیشی کە یەکەم کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی دراوسێی ئەفغانستان لە مانگی ئەیلول بەڕێوەچوو و کۆبوونەوەکەی تاران درێژەی ئەوەیە و ئامانجەکەشی هەماهەنگییە لە پێناو گەیشتن بە چارەسەری کێشەکانی ئەفغانستان.
وەزیری دەرەوەی پاکستان بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری لە ئەفغانستان بە بابەتێکی گرنگ ناو برد و وتی: لە ئێستادا کابینەیەکی کاتی لە ئەفغانستاندا هەیە کە دەتوانێت ئامادەکاری بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی گشتگیر بکات، ئێمە لەو بڕوایەداین کە مافی خەڵکی ئەفغانستان دەبێت ڕێزی لێبگیرێت و هەروەها کردنەوەی قوتابخانەکانیش بۆ کوڕان و کچانی ئەفغانی وەک کارێکی سەرەکی سەیر بکرێت.
شامەحمود قورەیشی بە ئاماژە بە پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی و دەسەڵاتدارانی ئێستای ئەفغانستان وتی: بە پێی ئەم پەیوەندییانە دەتوانین بڵێین کە ئەوان گرنگی بە چاوەڕوانییەکانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەدەن و هەوڵی پەیوەندی و هاوکاری دەدەن.
ناوبراو وتی: دەبێت بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و توندڕۆیی لە ئەفغانستان کاری زۆری لە سەر بکرێت تا تیرۆریستان نەبنە هەڕەشە لە سەر ئاسایشی وڵاتانی ناوچەکە.
قورەیشی وتی کە ئێمە ڕێز لە سەروەری ئەفغانستان دەگرین و دەمانەوێت ئەم وڵاتە سەقامگیر بێت و بەرەو پێشکەوتن بڕوات./.