بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دەیڤید بیسلی بەڕێوەبەری بەرنامەی جیهانیی خۆراک لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بە دارایی جێف بزۆس و ئەلۆن ماسک دوو گەورە دەوڵەمەندی ئەمریکی دا و وتی کە تەنیا لە سەدا 2 ی سەروەت و سامانەکەی ئەلۆن ماسک دەتوانێت کێشەی برسێتی لە جیهاندا چارەسەر بکات.
ئەو بەرپرسەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی: دەوڵەمەندە گەورەکان دەبێت هەوڵەکانیان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی برسێتی 42 ملیۆن کەس لە جیهاندا دەست پێبکەن بۆ ئەمەش تەنیا پێویست بە شەش ملیار دۆلار پارە هەیە.
کەناڵی cnn ڕایگەیاندووە کە داراییەکانی ئەلۆن ماسک 289 ملیار دۆلارە و بۆ ئەوەشە کە بەڕێوەبەری بەرنامەی جیهانیی خۆراک لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای هاوکاریی لێکردووە.
دەیڤید بیسلی ڕایگەیاندووە کە چەندین قەیرانی وەک گۆڕانکارییەکانی کەش و هەوا و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا پەرەی بە قەیرانی هەژاری و برسێتی لە جیهاندا داوە./.