بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە نووسینێکدا بە ئاماژە بە شکستی 20 ساڵەی ئەمریکا لە ئەفغانستان وتی کە ئەمە وانەیەکە بۆ ئەوانەی کە بەردەوام هیوایان بە هێزەکانی بێگانە هەیە.
ناوبراو ڕایگەیاند: پشت بەستن بە هێزە داگیرکارەکان هێندە ئەنجامی نابێت، ئەم مێژووە پڕ کارەساتەی ئەفغانستان وەبیرهێنەری یەک بنەمایە و ئەویش پێمان دەڵێت کە وڵاتانی ناوچەکە دەبێت لە ئاکامدا پێکەوە کۆببنەوە و پێکەوە بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکان، چاوەڕوانییەکانی خەڵک و دابینکردنی کەشێکی لەبار بۆ پێشکەوتن، ئاسایش و سەقامگیری، تێبکۆشن و ئەمەش پێویستە لە سەر چوارچێوەیەکی هاوبەش بۆ هاوکارییەکان لە سەر ئاستی ناوچەکە بێت.
وەزیری دەرەوەی ئێران لە درێژەی ئەو نووسینەدا بە ئاماژە بە کۆبوونەوەی وڵاتانی دراوسێی ئەفغانستان لە تاران، وتی: دووەم کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی دراوسێی ئەفغانستان لە تاران هەنگاوێکی دیپلۆماسی کابینەی نوێی ئێرانە لە پێناو بەهێزکردنی پەیوەندی وڵاتانی ناوچەکە بە بێ دەستێوەردانی دەرەکی و هیوایەکە بۆ گەیشتن بە بڕیار و چارەسەرێکی ڕاستەقینە و کرداری بۆ هاوکاریکردنی خەڵکی ئەفغانستان لە پێناو چارەسەرکردنی کێشە و قەیرانەکانی ئەم وڵاتە.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وتی: پێکهێنانی حکومەتێکی گشتگیر تاکە ڕێگای یەکگرتوویی خەڵکی ئەفغانستانە و مزگێنی داهاتوویەکی باشتریش بۆ ئەم وڵاتە دەدات./.