بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی عێراق لە بەرواری 10 ی تشرینی یەکەمی ساڵی 2021 بەڕێوەچوو. بە پێی ئەو ئەنجامەی کە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان ڕایگەیاندووە، ڕەوتی سەدر بە سەرۆکایەتی سەید موقتەدا سەدر 73 کورسی، هاوپەیمانی تەقەدوم بە سەرۆکایەتی محەممەد حەلبوسی 38 کورسی، هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نوری مالیکی 34 کورسی و پارتی دیمۆکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی 33 کورسییان بە دەست هێنا.
پاش ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، ژمارەیەک لە لایەنە سیاسییەکان ناڕەزایەتی خۆیان دەربڕی. بەشێکی زۆری کەسایەتییە سیاسییەکانی عێراق جەختیان لەوە کردووەتەوە کە ئەمریکا، بەریتانیا و ئیمارات لە سەر گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و کۆی گشتی پرۆسەکە لە عێراق دەستێوەردانیان هەبووە.
میدیایەکی ئێرانی ئەم بابەتەی لە محەممەد موحی وتەبێژی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق تاوتوێ کردووە کە دەقی ئەو وتووێژە لە درێژەدا هاتووە:
دەکرێت لە سەر دوایین هەواڵ و گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان شرۆۆڤەی خۆتان بڵێن؟
دەبێت بوترێت کە ئەوەی لە هەڵبژاردنەکانی عێراقدا ڕوویدا، ساختەکارییەکی ڕێکخراو و گەورە بووە کە لە لایەن چەند هێزێکی نێودەوڵەتی، وڵاتانی ناوچەکە و هاوپەیمانە ناوخۆییەکانی ئەوانەوە کرا تا دەنگی هاووڵاتیانی عێراقی بە تایبەت لایەنگرانی بەرەی خۆڕاگری و حەشدئ شەعبی و چەندین لایەنی سیاسی نەیاری ئەمریکا لە بەرژەوەندی خۆیاندا ببات.
بەشێکی زۆری لایەنە سیاسییەکان و کاندیدەکان ناڕەزایەتی خۆیان لە سەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەربڕیوە. ئەو لایەنانە داوای هەژمارکردنەوەی دەستیی دەنگەکان دەکەن و کۆمیسیۆنیش دەڵێت تەنیا دەنگی ژمارەیەک سندۆق هەژمار دەکاتەوە و ئەمەش تا ئێستا خاڵی ناکۆکە.
لە ئەگەری هەژمارکردنەوەی تەواوی دەنگەکان گۆڕانکاری گەورە ڕوو دەدات بەڵام ئەمە هێشتا ناتوانێت ئەو ساختەکارییە گەورەیە بە تەواوی بخاتەڕوو. بە ڕاشکاوانە دەڵێین کە لە ئەنجامی ئەم ساختەکارییە گەورەیە گۆڕانکاری زۆر لە دەنگەکاندا کراوە و ژمارەیەکی زۆر لە کورسییەکانی پەرلەمان دراوەتە لایەنەکانی دیکە. ئەمەش ئەنجامی دەستێوەردانی دەرەکییە لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی عێراق.
ئێوە باستان لە ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکاندا کرد، ڕێژەی ئەو ساختەکارییە چۆن دەبینن؟
ڕێژەی ساختەکارییەکە زۆرە بە شێوازێک کە هاوکێشە سیاسییەکان و پێگەی لایەنەکانی لە ناو پەرلەماندا گۆڕیوە، ئەمەش ڕاستییەکی ئاشکرایە کە هەندێک لە لایەنەکان گەیشتنە کورسییەکانی خۆیان بەڵام لایەنێکی تایبەت سەرەڕای ئەو بەڵگانەی کە لای هەیە، لە دەنگەکانی خۆی بێبەش کرا تا نەتوانێت بە پێی ئەو دەنگانەی خەڵک بگاتە پشکی خۆی لە پەرلەمان. ئەم ساختەکارییەش لە ئەنجامی ئیرادەیەکی نێودەوڵەتی بووە و پێشتریش ئاگامان لەو پیلانگێڕییە هەبوو، ئێمە پێشوەختە زانیاری ئەوەمان هەبوو کە هەڵبژاردنێکی تەندرووست نابێت، لە بەر ئەوەی کە ئیرادەی جیهانی لە سەر ئەوەیە کە هاوکێشەکانی عێراق لە بەرژەوەندی ئەمریکا و بەرەی ئاژاوەگێڕی هاوپەیمانی ئەو وڵاتە تووشی گۆڕانکاری ببێت.
ئێمە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان ڕەتدەکەینەوە و داوای هەژمارکردنەوەی دەستیی دەنگەکان دەکەین، ئەگەر واش نەکرێت ئامادەی ئەوەین بە شێوازی دیکە مافی گەلی خۆمان بپارێزین.
حەشدی شەعبی، گرووپەکانی خۆڕاگری و لایەنە سیاسییە نیشتمانپەروەرەکان ئامادەن بۆ ڕێگری لە دزینی دەنگەکانی خەڵک گیانفیدایی بکەن.
ئەگەر کاروبارەکان بۆ هەلومەرجی ئاسایی و یاسایی خۆی نەگەڕێتەوە و پیلانی ساختەکاری هەڵبژاردنەکان بەردەوام بەرەو پێش بڕوات، من پێم وایە کە لە داهاتوویەکی نزیکدا گۆڕانکاری گەورە لە گۆڕەپانی سیاسی عێراق ڕوو دەدات.
بە بۆچوونی ئێوە هەڵوێستی گەلی عێراق بەرامبەر بە حەشدی شەعبی چۆنە؟
گەلی عێراق شانازی بە حەشد و گیانفیداییەکانی دەکەن، ئەگەر حەشد و گرووپەکانی خۆڕاگری نەدەبوون، هیچ کات شکستی گرووپی تیرۆریستی داعش نەدەبینرا، ئەمەش ڕاستییەکە کە ڕۆڵەکانی عێراق لێی ئاگادارن و بەم هۆیەوە پاڵپشتی لە حەشدی شەعبی دەکەن، لە بەر ئەوەی کە دەزانن هەڕەشەی گەورە و جیدی هێشتا ماوە، هەم لە لایەن داعش و هەم لە لایەن داگیرکارانی ئەمریکییەوە.
بەڵام هەندێک لایەن هەیە کە چاویان بە ڕووی حەشدی شەعبیدا هەڵنایەت و بۆیان قبووڵ ناکرێت، ئەوان هەوڵ دەدەن ڕێکخراوی حەشدی شەعبی هەڵبوەشێتەوە یا هێزەکانی تێکەڵ بە دامەزراوە سەربازییەکانی دیکەی عێراقەوە بکرێن، گەلی عێراق دژی ئەمەیە. حەشدی شەعبی داواکاری گەلی عێراقە و هیچ ئیرادەیەکی دوژمن و نەیار بە سەریدا زاڵ نابێت./.