No Result
View All Result
جام کوردی – محەممەد عوسمان مستەفا لەدایک بووی ساڵی ٢٠٠٣ ی شارۆچکەی شەقڵاوا سەر بە پارێزگای ھەولێرە، ئەم گەنجە بە ھۆی خۆشەویستی باوکی بۆ وەرزش، لە تەمەنی (٦) ساڵی یەوە عاشقی بواری وەرزش بووە. ھەر بۆیە لە سەرەتاوە محەممەد بەشداری تیپەکانی نەوجەوانانی شارۆچکەی شەقلاوای کردووە.
محەممەد عوسمان لە وتووێژێکدا بۆ میدیای جام کوردی رایگەیاند” لەوەتەی وەرزشم ناسیوە ھەواداری یانەی بەرشەلۆنەم و ئێستاش ھیوایەتم شرۆڤەی یاری یانە جیھانیەکانە، بۆیە حەزم لێیە لە سەر ئاستێکی بەرز روداوەکانی وەرزش تاوتوێ بکەم، ھاوشێوەی عەرەبەکان و ئینگلیز و فارسەکان ئەو شەوانەی کە یارییەکی جیھانی ئەکرێت خەڵکانی بە ئەزموون لە بواری وەرزش ھەبێ و قسەو شرۆڤەی یارییەکان بکەین.
سەبارەت بەوەی ئایا رویداوە پێشبینی بکەیت و راست دەرچێت، محەممەد وتی” ماوەیەک لەومەوپێش راھێنەرێکیان دانا بۆ یانەیەکی وەرزشی لە وڵاتێکی ئەوروپی و من وتم” ئەو راھێنەرە لە ئاست گەورەیی ئەو یانەدا نیە، ئەوە بوو یانەکەی بە دۆڕاندندا.”
پاشان سەبارەت بە ئاستی وەرزش لە شارۆچکەی شەقڵاوا وتی” (دە) تیپی میللی لە شەقڵاوەدا ھەیە و بەردەوام خولی ناوخۆیی دەکرێتەوە، یانەی وەرزشی شەقڵاوایش ساڵی پار رۆشتە ئاستی یانە پلە یەکەکانی کوردستان. بۆیە ئێمە لە شەقڵاوا ژمارەیەک یاریزانی باشمان ھەیە لەوانە کاک جەوھەر خۆشناو کە لە یانە پلەیەکەکانی کوردستاندا یاری ئەکات.”
ئەو گەنجە کە ئارەزووی شرۆڤەکاری ھەیە لە بواری وەرزش نەیشارەدەوە کە لە ئێستادا تەنھا لە سەر ئاستی شەقڵاواو لەگەڵ چەند ھاوڕێیەکی ئەتوانێ شرۆڤەی روداوەکانی وەرزش بکات، بەڵام لە رێگای تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە گروپێکی (٤٤) ھەزار کەسیان ھەیە و بەردەوام راو بۆچونەکانی لەوێوە بڵاو ئەکاتەوەو قسە لە سەر پلان و یارییە جیھانیەکان ئەکات.
وتیشی:” کۆمێنتی جۆراو جۆرم بۆ دێت و ھەمیشە ئەبدەیت ئەبمەوە کاتێک رایەکی جیاواز ئەبیستم پێچەوانەی بوچونەکانی خۆمە .”
لەلایەکی ترەوە سەبارەت بە خەونی خۆی لە بواری وەرزش، وتی: ” من تا ماوەیەک لەمەوپێش خەونی ئەوەم ھەبوو بچمە وڵاتانی ئەوروپا و ببمە یاریزان یان پیشەگەرێکی شرۆڤەکار، بەڵام بەداخەوە ئەو خەونەم بۆم سەختە و ناتوانم بیھێنمە دی، بەڵام دەمەوێَ لێرە بەردەوام بم چ وەک یاریزان چ وەک شرۆڤەکاری وەرزشی.”
لەوەڵامی پرسیارێکی جام کوردیدا سەبارەت بە وەرزش لە هەرێمی کوردستان، محەممەد وتی:” وەرزش لە ھەرێمی کوردستان لە ئاستێکدا وەستاوە ناڵێم چەقیوە بەڵام گرنگە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاوڕی خێرا لە وەرزش بدەنەوە، چونکە وەرزش لە دنیای ئەمڕۆدا ھیچی کەمتر نیە لە بوارەکانی سیاسەت و ھونەرو بزنزو ….. ھتد .”
لە کۆتاییدا ئەو ئارەزوومەندە شرۆڤەکارە وەرزشی یە وتی:” بەداخەوە لە ھەرێمی کوردستان وەرزش نەبووەتە پیشە ھاوشێوەی پیشە و کار و کەسابەتەکانی تر، ھەر ئەمەش وای کردووە وەرزش لە ھەرێمی کوردستان لە چوار چێوەیەکدا بمێنێتەوەو بەرەو پێشەوە نەچێت .”
No Result
View All Result