بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، درووستکردنی کاروانسەراکان پێش و پاش هاتنی ئیسلام لە ئێران هەبووە. کاروانسەرای تاج ئاوا یەک لەو کاروانسەرا جوانانەی ئێرانە کە لە پاش هاتنی ئیسلام و لە سەردەمی سەفەوییەکان لە گوندێک هەر بەم ناوە لە هەمەدان درووست کراوە و ئێستا بە شوێنێکی گەشتیاری هەمەدان هەژمار دەکرێت.
تاج ئاوای خواروو گوندێکی سەر بە قەزای بەهارە لە ڕۆژئاوای پارێزگای هەمەدان و لە ڕاستیدا کەوتووەتە سەر ڕێگای هەمەدان بۆ کرماشان. خەڵکی ئەم گوندە بە زمانی کوردی پێکەوە قسە دەکەن.
کاروانسەراکە لە ڕووی بیناسازییەوە هەڵگری چەند تایبەتمەندییەکە و بە یەکێک لە سرنجڕاکێشترین کاروانسەراکانی ڕۆژئاوای ئێران دادەنرێت.
کاروانسەرای تاج ئاوا 26 ژووری هەیە، دوو بیرە ئاوی تێدایە و بە گشتی لە خشت لە درووستکردنیدا کەڵک وەرگیراوە.
کاروانسەراکە لە ڕووی گەشتیاری مەزهەبییەوە ناوبانگی هەبووە لە بەر ئەوەی کە زیارەتکارانی کەربەلا لەم شوێنە بۆ مانەوە و حەوانەوە کەڵکیان وەرگرتووە. ئەم کاروانسەرایە لە سەر دەستی خاتوونێک بە ناوی بانو جیهانی قاجاڕ لە نەوەکانی فەتحعەلی شا و حاجی میرزا عەلی نەقی کەوسەری هەمەدانی درووست کراوە. جیهان لە ژنە بەناوبانگ و خێرخوازەکانی ئەو سەردەمە بووە کە کاری زۆری لەو بوارەدا کردووە.
ساڵی 1388 ی کۆچی هەتاوی فەرمانی نۆژەنکردنەوەی کاروانسەرای تاج ئاوای هەمەدان دەرکرا.
تەنیا سێ نموونە لەم مۆدێلە کاروانسەرایە لە ئێراندا هەیە./.