بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی بە گێڕانەوە لە پێگەی ڕاگەیاندنی نووسینگەی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران، بە بۆنەی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری گەورەی ئیسلام، حەزرەتی محەممەدی مستەفا (د.خ) و هەروەها حەزرەتی ئیمام جەعفەری سادق (ع)، حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی لە چاوپێکەوتنی بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی و میوانانی بەشدار لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتی یەکڕیزی ئیسلامی، دوو ئەرکی گرنگی ئۆممەی ئیسلامییان بە ڕوونکردنەوە و برەوپێدان بە کاریگەری ئائینی پیرۆزی ئیسلام لە سەرجەم بوارەکانی ژیانی مرۆڤایەتی و هەروەها پتەوکردنی یەکڕیزی نێوان موسڵمانان ناو برد و وتیان: یەکڕیزی ئیسلامی بنەمایەکی گرنگ و قورئانییە و مسۆگەرکردنی ئامانجی بەرزی دابینکردنی شارستانیەتی نوێی ئیسلامی بە بێ یەکڕیزی شێعە و سوننە سەر ناگرێت.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی وێڕای پیرۆزبایی ئەم دوو یادە مەزنە لە گەلی ئێران و سەرجەم گەلانی ئیسلامی و ئازادیخوازەکانی جیهان، وتیان: زانایان، ڕۆشنبیران، توێژەران و مامۆستایانی جیهانی ئیسلام ئەرکی ڕوونکردنەوەی کاریگەرییە گەورە و گشتییەکانی جیهانی ئیسلامیان لە سەرجەم بوارەکانی ژیانی مرۆڤایەتی لە سەرە و ئەڵبەت کۆماری ئیسلامی ئێران لەم پێناوەدا ئەرک و ڕاسپاردەی زیاتری هەیە کە بەرپرسان بە تایبەت بەرپرسانی ڕۆشنبیری دەبێت ئەو ئەرکانە جێبەجێ بکەن.
بەڕێزیان لە بەشێکی دیکەی وتەکاینا جەختیان لە سەر یەکڕیزی موسڵمانان کردەوە و هەوڵەکانی چەند کەسایەتییەکی تێکۆشەری ئەم بوارەیان وەک خوالێخۆشبوو ئاغای تەسخیری، خوالێخۆشبوو ئاغای واعیززادە، شەهید شێخ محەممەد ڕەمەزان ئەلبوتی، شەهید سەید محەممەد باقر حەکیم، خوالێخۆشبوو شێخ ئەحمەد زەین و خوالێخۆشبوو شێخ سەعید شەعبان بەرز نرخاند.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی وتیان: یەکڕیزی ئیسلامی بنەمایەکی سەرەکییە نەک کارێکی تەکتیکی و پەیوەندی بە هەلومەرجێکی تایبەتەوە بێت، ئەم یەکڕیزی و پێکەوەبوونە دەبێتە هۆی بەهێزبوونی موسڵمانان تا لە پەیوەندییان لە گەڵ وڵاتانی دیکەی جیهان بە دەستی پڕەوە دەرکەون.
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران بە ئاماژە بە پیلانی دوژمنان بۆ ئاژاوەگێڕی لە وڵاتانی ئیسلامی وتیان: تەقینەوە تیرۆریستییەکانی ئەم دواییەی مزگەوتی شێعەکانی ئەفغانستان لە ڕیزی ئەو پیلانانەیە کە لە لایەن داعشەوە کرا و ئەمریکییەکانیش بە ڕاشکاوانە باسیان کردووە کە داعش بەرهەم و دەستکردی واشنتنە لە ناوچەکە.
بەڕێزیان فەڵەستینیان بە پێوەری سەرەکی بۆ یەکڕیزی شێعە و سوننە ناو برد و وتیان: هەرچی هەوڵەکان بۆ مسۆگەرکردنی مافی گەلی فەڵەستین زیاتر بێت بە هەمان شێوە یەکڕیزی نێوان موسڵمانان زیاتر دەبێت.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی چەند وڵاتێکی ناوچەکەیان لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی بە هەڵەیەکی گەورە و ستراتیژی ناو برد و ڕایانگەیاند کە ئەو حکومەتانە دەبێت لەم ڕێگای دژ بە یەکڕیزییەی موسڵمانان بگەڕێنەوە و هەڵە گەورەکەی خۆیان قەرەبوو بکەنەوە./.