بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دوایین ڕاپۆرتەکان پیشان دەدات کە لە سەدا 5 ی دانیشتووانی جیهان تووشی خەمۆکین و ئازاریان دەدات بەڵام جۆری سیستەمی خۆراکی و شێوازی ژیان دەتوانێت لە ڕووی جەستەیی و دەروونی ڕۆڵی گرنگی هەبێت.
بەکارهێنانی خواردنە ناتەندرووستەکان وەک خواردنە خێراکان، خواردنە سوورەوکراوەکان، شیرینییەکان و … بۆ چەند ڕۆژی بەردەوام دەتوانێت هۆکاری نەخۆشی بێت و بە پێچەوانەوە هەر کاتێک سیستەمێکی خۆراکیی باش هەبێت، کەسەکە هەست بەوە دەکات کە توانا جەستەیی و دەروونییەکانی ڕوویان لە زۆربوون کردووە.
خواردنەکان دەتوانن لە چارەسەرکردنی خەمۆکیدا ڕۆڵیان هەبێت، بە واتای ئەوەی کە هەندێک پێکهاتەی وەک پرۆتین و چەورییەکانی ئۆمێگا 3 لە هەندێک خواردنەکان دەتوانن ڕۆڵی کۆنتڕۆڵکردنی نیشانەکانی خەمۆکییان هەبێت.
ئەو ڤیتامینانەی کە دژە خەمۆکین:
چەندین جۆری ڤیتامین کە دەتوانن ڕۆڵیان لە ڕێگری یان چارەسەرکردنی هەندێک لە نیشانەکانی خەمۆکیدا هەبێت بریتین لە:
1 – ڤیتامین D:
سەرچاوەی سەرەکی ئەم ڤیتامینە وزەی خۆرە کە زۆر پێویستە و دەتوانێت خەمۆکی لە گەڵ ژمارەیکی دیکە لە نەخۆشییەکاندا چارەسەر بکات.
ڤیتامین D ئاستی بەهێزبوونی مێشک زیاتر دەکات بەمەش نیشانەکان و هۆکارەکانی خەمۆکی کەم دەبێتەوە. ئەم ڤیتامینە هەروەها لە زەردێنەی هێلکە، پەنیر، گۆشتی مانگا، پرتەقاڵ، ماسی و شیردا هەیە.
2 – ڤیتامین B6:
ئەو خواردنانەی کە ڤیتامین B6 یان تێدایە دەتوانن بە هەمان شێوە نیشانەکان و هۆکارەکانی خەمۆکی کەم بکەنەوە. ڤیتامینەکەش زیاتر لە گۆشتی مریشک، ماسی، نانی گەنم، هێلکە، سەوزەکان و دانەوێلەکاندا هەیە.
3 – ڤیتامین B3:
ئاستی نزمی سرۆتونین لە مێشکدا بە هۆکاری خەمۆکی دادەنرێت. ڤیتامین B3 دەتوانێت ئەم کێشەیە چارەسەر بکات و هەر بۆیە دەتوانێت یارمەتیدەری چارەسەری خەمۆکی بێت. لە قارچک، بادەم، نۆکی سەوز، ماسی، گۆشتی قەل و گۆشتی مانگادا هەیە.
4 – ڤیتامین B12:
چەندین توێژینەوە پیشانیان داوە کە خواردنی سیستەمێکی خۆراکی دەوڵەمەند بە ڤیتامین B12 دەتوانێت باشتربوونی وزەی دەروونی و کەمبوونی نیشانەکانی خەمۆکیی بە دواوە بێت. لە گۆشت و جگەری باڵندەکان، ماسی، شیر و بەرهەمەکانی دیکەی شیردا هەیە.
5 – ڤیتامین C:
ڕەنگە بتوانین بە گرنگترین ڤیتامین ناوی ببەین کە لە ڕووی تەندرووستییەوە تایبەتمەندیی هەیە و دەرمانی خەمۆکیش لە خۆ دەگرێت. توێژینەوە پزیشکییەکان پیشان دەدات کە ڤیتامین C ڕۆڵی بەرچاوی لە چارەسەری خەمۆکیدا هەیە، هۆکارەکەشی ئەوەیە کە دەتوانێت خانەکانی مێشک نوێ بکاتەوە. باشترین سەرچاوەی ئەم ڤیتامینەش لە پرتەقاڵ، کیوی، گەڵای کەلەم، کەلەم برۆکلی، تەماتە و سەوزە گەڵادارەکاندایە.
6 – ڤیتامین E:
بەکارهێنانی ڤیتامین E لە ڕێگای سیستەمی خۆراکی یان بەکارهێنانی ڕۆژانەی پێکهاتەکانی دەتوانێت خەمۆکی بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەم بکاتەوە. ئەم ڤیتامینە لە بادەم، فستق، ماسی، زەیتی ماسی، گوڵەبەڕۆژە، سەوزە گەڵادارەکان و بادەمدا بوونی هەیە.
7 – ڤیتامین B9:
ڤیتامین B9 هەروەها وەک ئەسید فولیک دەناسرێت و تایبەتمەندی زۆری لە ڕووی تەندرووستییەوە هەیە. ئەسید فولیک هەروەها مادەیەکی وزەبەخشە لە دەرمانی خەمۆکیدا. لە خواردنەکانی وەک فاسۆلیا، نۆک، ئەڤەکادۆ و سپیناغدا هەیە./.