جیهانی ئیسلام بەردەوام ڕوبەڕوی پیلانگێڕی دوژمنان و ناحەزان بووەتەوە، ڕەوتی ستەمکاری جیهانی بۆ بێ کاریگەرکردنی توانا و تایبەتمەندییەکانی جیهانی ئیسلام، ناکۆکیی نێوان شێعە و سوننەی وەک ئامرازێکی گەیشتن بە ئامانج و پیلانەکانی بەکار هێناوە، لەم ڕێگایەشدا کەڵکی لە هەندێک سەرکردەی بەکرێگیراو و گوێڕایەڵی وڵاتانی ئیسلامی بە تایبەت وڵاتانی عەرەبی وەرگرتووە.
زۆربەی بیرمەندان، زانایان و کەسایەتییەکانی جیهانی ئیسلام دانیان بەوەدا ناوە کە جیهانی ئیسلام لە ئەگەری یەکڕیزی و بێ کاریگەرکردنی پیلانی دوژمنان دەتوانێت جەمسەرێکی بەهێز لە سەر ئاستی جیهانی بێت. بەڵام بەداخەوە کە ڕەوتی ستەمکاری جیهانی بە تایبەت بۆ پاراستن و بەرگری لە ڕژێمی زایۆنیستی، سیاسەتی ناکۆکی خستنە نێو وڵاتان و کۆمەڵگای ئیسلامیی پەیرەو کردووە. لە نوێترین هەنگاو و پیلانگێڕیشدا گرێبەستی سەدەی بەو ئامانجە لە ڕێگای هەندێک دەسەڵاتداری لاواز و بێ ئیرادەی عەرەبەوە خستە بواری جێبەجێکردن و وڵاتانی وەک ئیمارات و بەحرەین پەیوەندییەکانیان لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی ئاساییکردەوە. هەرچەندە ئەو ئاساییکردنەوە نەبووە هیچ دەسکەوتێک بۆ ئەمریکا و ئەو وڵاتانە و تەنیا شەرمەزاری زیاتری بۆ دەسەڵاتدارانی دوو وڵاتە عەرەبییەکە و ئەوانەش وەک بن سەلمان کە ناڕاستەوخۆ پاڵپشتیی لەوان کردووە، بە دواوە بووە.
لە بەرامبەردا بەرەی خۆڕاگری بە سەرکردایەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوام سیاسەتی یەکڕیزی وڵاتانی ئیسلامیی وەک ستراتیژێک سەیر کردووە. ئێران ئەم مۆدێلە سەرکەوتووەی لە ناوخۆی خۆیدا تاقیکردووەتەوە. شێعە و سوننەی ئێران لە پێکەوەژیانێکی ئاشتیانەدان، هیچ ئاڵۆزییەک لە سەر ناکۆکی نێوان شێعە و سوننە لە ئێراندا نەبینراوە، خەڵک لێرە بە گیانی تەبایی و برایەتی درێژە بە ژیانی خۆیان دەدەن و پیلانی 42 ساڵەی ئەمریکا و ڕەوتی ستەمکاری جیهانی بۆ ئاژاوەگێڕی ناوخۆیی لە ئێران و لەم ڕێگایەوە شکستی هێناوە. ئێران بەم سەرکەوتنە ناوخۆییە و بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی دەستپێشخەرییەکەی دامەزرێنەری شۆڕشی ئیسلامی، بووەتە ئاڵاهەڵگری یەکڕیزی ئیسلامی لە جیهانی ئیسلامدا.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی لە میانەی چاوپێکەوتنی میوانانی بەشدار لە سی و پێنجەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی یەکڕیزی ئیسلامی لە تاران جەختیان لە سەر گرنگیدانی زانایان و بیرمەندانی ئیسلامی بە پووچەڵکردنەوەی پیلانی دوژمنان و بەهێزکردن و پتەوکردنی یەکڕیزی نێوان موسڵمانان کردەوە.
بەڕێزیان فەڵيستینیان وەک پێوەری ئەم یەکڕیزییە ئیسلامییە ناو برد و جارێکی دیکە جەختیان لەوە کردەوە کە فەڵەستین وەک دۆسیەی یەکەمی جیهانی ئیسلام و ئازادکردنیشی وەک ئامانجێکی هاوبەشی موسڵمانان دەمێنێتەوە. هەروەها باسیان لەوەش کرد کە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی چەند وڵاتێک لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی وەک خیانەت و هەڵەیەکی گەورە بووە و ئەو وڵاتانە دەبێت لەم ڕێگای دژ بە یەکڕیزییەی جیهانی ئیسلام بگەڕێنەوە.
بێگومان هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ گەیشتن بە یەکڕیزی ئیسلامی دەتوانێت زیاتر لە جاران پیلانی ئەمریکا، ڕژێمی زایۆنیستی و دوژمنانی موسڵمانان پووچەڵ بکاتەوە. هەر ئەو دەسکەوتانەی ئێرانیش بووە کە گرێبەستی سەدەی وەک دوایین پیلان لە دژی فەڵەستین و جیهانی ئیسلام خستە زبڵدانی مێژووەوە./.