بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بەدەر لەو ئەنجامەی کە لە لایەن کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە ڕاگەێندراوە، هەڵبژاردنەکانی 10 ی تشرینی یەکەمی 2021 ی عێراق لە چەندین ڕووەوە وەک دەرفەت بینراوە کە لە درێژەدا ئاماژەیان پێدەدرێت:
دەرفەتەکان:
1 – سەقامگیرییەکی ئەمنی لەم هەڵبژاردنانەدا دەبینرا کە دابینکردنی ئاسایشی بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنەکانیش لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی عێراق و بە تایبەت حەشدی شەعبییەوە بووە. تێکشکاندنی هەڕەشە تیرۆریستییەکانی شانەکانی داعش لە هەندێک ناوچەی عێراق لە ڕۆژانی پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان لە لایەن هێزەکانی حەشدەوە نموونەی هەرە گرنگی دابینکردنی ئاسایشی عێراق بە بێ هاوکاریی هێزەکانی بیانی بووە.
2 – یەکڕیزییەکی تایبەت لە نێوان گرووپەکانی خۆڕاگری بەراورد بە خولەکانی ڕابردوو دەبینرێت، زۆربەی گرووپەکانی خۆڕاگری لە چوارچێوەی هەماهەنگی لایەنە سیاسییەکانی شێعە بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکاندا کرد، هەرچەندە هەندێک لەو گرووپانە بە تەنیا و بەدەر لەو هاوپەیمانییە بەشدارییان کرد بەڵام ئەمەش ئامانجی تایبەتی هەبوو و بۆ کۆکردنەوەی دەنگی زیاتر لە هەندێک ناوچەی عێراق بووە.
3 – ئەم هەڵبژاردنانە ئەزموونێکی نوێ لە عێراق بوو و بۆ یەکەم جار کاندیدەکان ڕاستەوخۆ بە بێ لیستی حیزبەکان بەشدارییان دەکرد و ئەمەش کاریگەری خەڵکی لە کاروباری وڵاتدا پیشان داوە.
کێشەکان:
هەڵبژاردنەکانی عێراق لە چەندین ڕووەوە دەتوانێت بۆ داهاتووی ئەم وڵاتە ببێتە کێشە:
1 – گرنگترین کێشە لە دەستنیشانکردنی کاندیدی سەرۆک وزیرانی نوێ و پێکهێنانی حکومەتە. بە پێی ئەوەی کە هیچ لایەنێک بە تەنیایی زۆربەی کورسییەکانی بە دەست نەهێناوە، ئەگەری ئەوە لە ئارادایە کە پرۆسەی پێکهێنانی فراکسیۆنی زۆرینە و هەروەها حکومەتی نوێ بە ئاراستەیەکی دژواردا بڕوات و ئەمەش دەستێوەردانی هەندێک وڵاتی وەک ئەمریکای بە دواوە بێت، وەک ئەوەی کە لە خولەکانی ڕابردوو بینراوە.
2 – بوونی تشرینییەکان وەک لایەنێکی ناسراو لە گۆڕەپانی سیاسی عێراق. ئەگەرچی ئەم لایەنە ئەنجامێکی خوازراوی لە هەڵبژاردنەکاندا بە دەست نەهێنا بەڵام تا پێش هەڵبژاردنەکان هێندە لایەنێکی ناسراو نەبوو و زیاتر لە کاتی خۆپێشاندانەکاندا ناوی هەبوو، ئێستا بە بەدەستهێنانی نۆ کورسی پەرلەمانەوە بوونەتە لایەنێکی خاوەن ناسنامەی سیاسی. ئەڵبەت ئەم لایەنە بەم ژمارە کەمەی کورسییەوە ناتوانێت ئامانجەکانی لە بوارە جیاجیاکانی عێراقدا بەرەو پێش ببات، کێشەی ئەوەش هەیە کە تشرینییەکان زیاتر سەر بە لایەنەکانی دەرەوەی دژ بە گرووپەکانی خۆڕاگرین و بڕوایان بە ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانی ئاشتیانە نییە.
3 – ناکۆکییەکانی نێوماڵی شێعە. بە پێی ناڕەزایەتی هەندێک لایەنی سیاسی شێعە بە تایبەت گرووپەکانی خۆڕاگری و خەڵک بەرامبەر بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و هەڵوێست و لێدوانی سەرکردەکانی وەک سەدر، نیگەرانی ئەوە هەیە کە ناکۆکییەکانی نێوماڵی شێعە زیاتر بێت. ناڕەزایەتییەکانی خەڵک هاوکات لە گەڵ ناکۆکی سەرکردە سیاسییەکان لە ڕوانگەی ئەمریکییەکانەوە بە باشترین دەرفەت بۆ مسۆگەرکردنی ئامانجەکانی واشنتن لە عێراق دادەنرێت تا لەم ڕێگایەوە بتوانێت شەڕی شێعە – شێعە لە بەرژەوەندی خۆیدا لە ناوچەکە بەرەو پێش ببات.
4 – پشکخوازی لایەنەکان. بە پێی ئەنجامی ڕاگەێندراوی هەڵبژاردنەکان، زۆربەی لایەنە سیاسییەکان داوای پشکی خۆیان لە حکومەتی داهاتووی عێراق دەکەن، سەدرییەکان دەڵێن دەستنیشانکردنی سەرۆک وەزیران تەنیا مافی ئێمەیە. ئەمەش پیشان دەدات کە ڕەوتی سەدر بەدەر لەو کەسەی خۆی کە دەستنیشانی دەکات بە کاندیدی لایەنەکانی دیکە ڕازی نابێت. ئەم پشکخوازییە بە دڵنیاییەوە دەتوانێت پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق ڕوبەڕوی ئاستەنگ بکاتەوە.
سیناریۆکان:
1 – بەردەوامی ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەکان.
2 – پێکهێنانی حکومەتی نوێ لە نزیکترین کاتدا.
3 – پێکهێنانی فراکسیۆنی زۆرینەی پەرلەمانی.
بۆ سیناریۆی سێهەم سێ ئەگەر باس دەکەین کە بریتین لە:
یەکەم: پێکهێنانی فراکسیۆنی زۆرینە بە هاوپەیمانی ڕەوتی سەدر، کورد و سوننە.
دووەم: پێکهێنانی فراکسیۆنی زۆرینە بە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و لایەنە شێعەکان و بەشێک لە سوننەکان.
سێهەم: پێکهێنانی فراکسیۆنی زۆرینە بە هاوپەیمانی سەدر و مالیکی و چەند لایەنێکی دیکە.
بە پێی ئەزموونی خولەکانی ڕابردوو، لە ئاکامدا حکومەتێک بە پێی ڕێکەوتن و بەشداری زۆرینەی لایەنە سیاسییەکان لە هەر سێ پێکهاتەی سەرەکی عێراق ڕەنگە بتوانێت کۆتایی بەم ئاڵۆزی و ململانێ سیاسییە بێنێت./.