بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەم مزگەوتە لە سەردەمی ساسانییەکان پەرستگە یان ئاگرکەدەیەک بووە کە بووەتە مزگەوت و لە هێرشی مەغولەکان بۆ سەر ئێران لە میانەی کوشتار و تاڵانکردنەکانی سەدەی حەوتەمی کۆچی مانگی، وەک نیمچە ڕووخاوی لێهات.
هەر بۆیە دەتوانین مێژووی درووستکردنی ئەم بینایە لە سێ بەشدا باس بکەین:
بەشی یەکەم: بیناکە لە ئاگرکەدەیەک بووەتە مزگەوتێک لە سەر شێوازی خۆراسانی (لە سەدەی سێهەمی کۆچی مانگی) کە گومەزەی ئێستای پەیوەندی بە شێوازی ڕازییەوە هەیە.
بەشی دووەم: مزگەوتەکە کرایە مزگەوتی کۆشکی (لە سەدەی سێهەم و چوارەمی کۆچی مانگی).
بەشی سێهەم: مزگەوتی کۆشکی لە سەردەمی سەلجوقییەکان (لە سەدەی شەشەمی کۆچی مانگی) تا ڕادەیەکی زۆر ڕووخا و بە پێی مزگەوتێکی چوار هەیوانی (بە پێی بۆچوونەکانی خوالێخۆشبوو پیرنیا بە شێوازی ڕازی) بونیاد نراوەتەوە.
مزگەوتی ئەردستان لە ڕووی بیناسازییەوە
مزگەوتی گشتیی ئەردستان بە شێوازی مزگەوتی گشتیی ئەسفەهان بونیاد نراوە کە یەکەم مزگەوتی دوو نهۆمی لە مێژووی ئیسلام و هەروەها دووەم مزگەوتی چوار هەیوانییە لە جیهانی ئیسلام.
ئەم مزگەوتە چەندین دەروازەی هەیە کە مزگەوتەکە دەبەستنەوە بە بەشی دەرەوە. دەروازەی سەرەکی ڕێڕەوێکی درێژە کە لە لایەکەوە بە گەڕەکی فەهرە و لە لایەکی دیکەوە دەگاتە دەشتی مەحاڵ، ئەم دەروازەیە کەوتووەتە بەشی باشوری ڕۆژئاوای مزگەوتەکە.
بەشی باکوری مزگەوتەکە دوو دەروازەی هەیە کە یەکێکی دەگاتە قوتابخانەی علمییە و ئەوی دیکە کە نزیکە، بەشی باکور بە مزگەوتەکە دەبەستێتەوە. مزگەتەکە هۆڵێکی گەورەی هەیە کە لە لایەن هەیوانەکانەوە گەمارۆ دراوە.
مزگەوتی گشتیی ئەردستان لە چوار هەیوانی باکور، باشور، ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا پێکهاتووە کە هەر یەک بە ناوێکەوە ناسراوە:
هەیوانی باشور
ناسراوە بە هەیوانی ساحیب زەمان، لە کۆنترین بەشەکانی مزگەوتەکەیە و هەیوان و گومەزەخانەیەک لە خۆ دەگرێت. هەندێک کاری بیناسازی لەم بەشەدا بۆ سەردەمی سەلجوقییەکان و کۆتایی سەدەی پێنجەمی کۆچی مانگی دەگەڕێتەوە کە تایبەتمەندییەکی زۆری لە ڕووی بیناسازییەوە هەیە. لە هەندێک بەردەنووسی ئەم بەشەدا وا دەردەکەوێت کە کەسێک بە ناوی مەحمود ئەسفەهانی ناسراو بە غازی لە ساڵی 551 ی کۆچی مانگی نۆژەنیکردووەتەوە.
هەیوانی باکور
ئەم هەیوانە لە سەردەمی دەسەڵاتی شا تەهماسبی سەفەوی و لە لایەن ئەندازیار حەیدەر عەلی کوڕی زولفەقار کە لە ئەندازیارانی ناسراوی سەدەمی دەیەمی کۆچی بووە، کۆتایی هاتووە و بە بەشی سەفا ناوبانگی دەرکردووە.
هەیوانی ڕۆژهەڵات
ناسراوە بە سەکۆی ئیمام حوسێن (ع) یان سەکۆی ئەمیر کە لە سەدەی یانزەیەمی کۆچی مانگی بە هەوڵ و تێکۆشانی میر محەممەد ناسراو بە ئەمیر جوملە مەلیک ئەرساداتی عیزام حوسێنی ئەردستان کراوەتەوە.
هەیوانی ڕۆژئاوا
ناسراوە بە هەیوانی ئیمام حەسەن (ع) یان حەکیم ئەلمولک. نیگارکێشی و ئایاتی قورئانی لەم بەشەدا نەخشراوە.
زانیارییەکی ئەوتۆ لە سەر بونیادنەری سەرەکیی ئەم مزگەوتە لە بەردەستدا نییە بەڵام بە وتەی هەندێک لە خەڵک کەسێک بە ناوی عومەر بن عەبدولعەزیز بووە. لە بەردەنووسەکان و سەرچاوەکاندا ناوی چەند کەسێکی دیکەش هاتووە، وەک سوڵتان بەیگ، میرمحەممەد سەعیدی ئەردستانی، عەلی بن ئەحمەد تەباتەبایی و محەممەد مەهدی حەکیم ئەلمولک، مامۆستا مەحمود کوڕی محەممەد ئەسفەهانی وەک ئەندازیاری هەیوانی باشور و مامۆستا حەیدەر عەلی ئەندازیاری ئەردستانی وەک ئەندازیاری هەیوانی باکور کە ناویان لە بەردەنووسەکاندا دەبینرێت.
ئەم مزگەوتە لە ساڵی 1311 ی کۆچی هەتاوی (1932) بە ژمارە 180 لە ڕیزی ئاسەوارە نیشتمانییەکانی ئێراندا تۆمار کراوە./.