بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەبوعەلی عەسکەری وێڕای ئەوەی کە هەڵبژاردنەکانی بە پیلانگێڕییەکی نێودەوڵەتی ناو برد، داوایکرد کە خەڵک لە سەرجەم شار و ناوچەکانی عێراق لە دژی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بێنە سەر شەقامەکان.
ناوبراو لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاند: جارێکی دیکە دووپاتی دەکەینەوە کە هەڵبژاردنەکەی ئەمجارە گەورەترین پرۆسەی ساختەکاری و فریو لە دژی گەلی عێراق لە مێژووی هاوچەرخی ئەم وڵاتە بووە و ئەمەش بە بەڵگە دەسەلمێندرێت و لێرەدا جەخت لە سەر چەند خاڵێک دەکەینەوە:
یەکەم: بەیاننامەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لێدوانەکانی پێشووی ئێمە پشتڕاست دەکاتەوە کە هەڵبژاردنەکان پیلانێکی نێودەوڵەتی بە بەشداری لایەنە ناوخۆییەکان بووە.
دووەم: گەلی عێراق لە هەر پێکهاتە و چین و توێژێک هەڵوێستی خۆیان ڕاگەیاند، ئێمە بە گیانفیدانیی لە بەرامبەر ئەم تاوانە مێژووییە بێدەنگ نابین.
سێهەم: لە خەڵک و ڕۆڵە ئازاکانی عێراق داوا دەکەین ناڕەزایەتییەکان و خۆپێشاندان و مانگرتنەکان لە سەرجەم ناوچەکانی عێراق بێت.
چوارەم: کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق وەک قەڵایەکی بەهێز بۆ خەڵکی عێراق دەمێننەوە و موڵەتی زیانگەیاندن بەوان نادەن و بە ئامادەیی تەواو و لە کاتێکدا کە لە دەستێک گوڵ و لە دەستێکی دیکە شمشێری هەیە لە نزیکەوە چاودێری گۆڕانکارییەکان دەکات و دەستی هەر کەسێک کە بیەوێت ئاسایش و سەقامگیری وڵات بخاتە مەترسییەوە، دەبڕێت./.