بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، فەرزاد پیلتەن سەبارەت بە دوایین دۆخی بازرگانیی ئێران و کیشوەری ئەفریقا وتی: کیشوەری ئەفریقا لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو بە شێوازی مامناوەند یەک ترلیۆن دۆلار واتە هەزار ملیار دۆلار بازرگانیی لە گەڵ جیهان هەبووە کە لە سەدا 50 ی هەناردە و لە سەدا 50 ی دیکەی هاوردە بووە. لە ساڵانی ڕابردوو تا ڕادەیەک هاوردەی وڵاتانی ئەفریقی کەوتووەتە پێشی هەناردەی ئەوانەوە بۆ وڵاتانی دیکەی جیهان.
ناوبراو وتی: هەناردەی ئەفریقا بۆ وڵاتانی دیکەی جیهان زیاتر ئاڵتون، کانزاکان، ئەلمینیۆم، مس، فرۆکرۆم و … بووە و هاوبەشەکانی ئەفریقا لە بواری هەناردە، وڵاتانی ئیسپانیا، فەرەنسا، ئەمریکا، سویسرا، چین، بەریتانیا، تورکیا و ژاپۆن بوون.
پیلتەن وتی: هاوردەی وڵاتانی ئەفریقیش زیاتر بەرهەمە نەوتییەکان، قیر، دەرمان، کەرەستەکانی پیشەسازی، مۆبایل، زەیت، برنج، گەنم و … بووە و هاوبەشەکانی ئەفریقا لەم بوارەشدا فەرەنسا، ئەمریکا، ئەڵمانیا، ئیسپانیا، چین، تورکیا و ڕووسیا بوون.
ناوبراو بە ئاماژە بە ڕێژەی هەناردەی ئێران بۆ ئەفریقا وتی: لە ساڵانی ڕابردوو بە شێوازی مامناوەند 600 ملیۆن دۆلار کاڵا لە ئێرانەوە ڕاستەوخۆ هەناردەی وڵاتانی ئەفریقی کراوە و تەنانەت هەندێک ڕاپۆرت ئاماژەش بەوە دەدەن کە لە وڵاتانی سێهەمەوە کاڵای ئێرانی دووبارە هەناردەی ئەفریقا کراوە.
بەڕێوەبەری گشتی نووسینگەی عەرەبی – ئەفریقی ڕێکخراوی گەشەپێدانی بازرگانیی ئێران وتی: لە ساڵی 1391 ی کۆچی هەتاوی بە ڕێژەی 760 ملیۆن دۆلار، لە ساڵی 1392 بە ڕێژەی 860 ملیۆن دۆلار، لە ساڵی 1393 بە ڕێژەی 811 ملیۆن دۆلار، لە ساڵی 1394 بە ڕێژەی 624 ملیۆن دۆلار، لە ساڵی 1395 بە ڕێژەی 608 ملیۆن دۆلار، لە ساڵی 1396 بە ڕێژەی 776 ملیۆن دۆلار، لە ساڵی 1397 بە ڕێژەی 640 ملیۆن دۆلار، لە ساڵی 1398 بە ڕێژەی 650 ملیۆن دۆلار، لە ساڵی 1399 بە ڕێژەی 580 ملیۆن دۆلار و لە شەش مانگەی یەکەمی ئەمساڵ واتە 1400 ی کۆچی هەتاوی نزیکەی 573 ملیۆن دۆلار کاڵا هەناردەی ئەفریقا کراوە کە پیشاندەری بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەناردەی ئێرانە بۆ ئەو وڵاتانە.
فەرزاد پیلتەن وتی: ڕێژەی هاوردەی ئێرانیش لە وڵاتانی ئەفریقی لە ساڵانی ڕابردوو بەرچاو نەبووە. ڕێژەی هاوردەی ئێران لە کیشوەری ئەفریقا لە ساڵی 1391 ی کۆچی هەتاوی نزیکەی 161 ملیۆن دۆلار، لە ساڵی 1392 بە ڕێژەی 36 ملیۆن دۆلار، لە ساڵی 1393 بە ڕێژەی 69 ملیۆن دۆلار، لە ساڵی 1394 بە ڕێژەی 92 ملیۆن دۆلار، لە ساڵی 1395 بە ڕێژەی 164 ملیۆن دۆلار، لە ساڵی 1396 بە ڕێژەی 286 ملیۆن دۆلار، لە ساڵی 1397 بە ڕێژەی 160 ملیۆن دۆلار، لە ساڵی 1398 بە ڕێژەی 100 ملیۆن دۆلار، لە ساڵی 1399 بە ڕێژەی 96 ملیۆن دۆلار و لە شەش مانگەی یەکەمی ئەمساڵیش 26 ملیۆن دۆلار بووە.
بە وتەی ناوبراو، ئەو وڵاتانەی ئەفریقاش کە زیاترین هاوردەیان لە ئێران هەبووە، بریتین لە: غانا، جەزایر، کینیا، ئەفریقای باشور، سۆمالیا، تانزانیا، کامیرۆن، موزامبیک و نایجڕیا و زیاترین هەناردەش لە ئەفریقاوە بۆ ئێران زیاتر لە وڵاتانی تانزانیا، غانا، ئەفریقای باشور، کینیا، ئەسیوپیا، میسر، مەغریب و سودان بووە./.