بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەحمەد دەستماڵچیان لە وتووێژێکدا سەبارەت بە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی 10 ی تشرینی یەکەمی 2021 ی عێراق، وتی: عێراق لە ڕێگای تەواوکردنی پرۆسەی دیمۆکراسییە کە خەڵک تێیدا مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان هەبێت و ئەمەش کێبڕکێی توندی نێوان حیزب و لایەنە سیاسییەکانە و بێگومان هەنگاوێکی پیرۆزە کە لە پاش ساڵانێک زوڵم و دیکتاتۆریەتی سەدام ئێستا خەڵک خۆیان مافی بەشداری و دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان هەیە، دیمۆکراسیەت پرۆسەیەکی درێژخایەنە و خەڵک چەندین تاقیکردنەوەیان دەبێت تا دەگەنە ڕاستەڕێگای خۆیان.
ناوبراو وتی: هەڵبژاردنەکانی ئەمجارە بە دڵنیاییەوە کە کاریگەریی لە سەر گۆڕەپانی سیاسی عێراق نابێت، بەو واتایە کە گرووپە جیاجیاکان لە سوننە، شێعە و کورد هەر ماونەتەوە و لە کۆنەوە پێکەوە هاوپەیمانییان هەبووە و هاوسەنگی لە گۆڕەپانی سیاسی دابین دەکەن و هیچ کات گرووپێک لەم گۆڕەپانەدا ناتوانێت تاکلایانە بڕیار بدات. لە ئێستاشدا ئەم هەڵبژاردنانە دەرفەتێکی بۆ هەمان هاوپەیمانییەکانی پێشوو هێناوەتە پێشەوە.
دەستماڵچیان وتی: هەڵبژاردنەکانی خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق ئەوەی پیشاندا کە سەرەڕای سەرکەوتنی شێعەکان، هێشتا پێویستیان بە هاوپەیمانی لە گەڵ لایەنەکانی دیکە هەبوو و ئەم خولەش هەر وایە و ڕاستییەکانی گۆڕەپانی سیاسی عێراق بە جۆرێک فرە ڕەنگییە./.