بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پێکهێنانی ئەنجومەنێک بە ناونیشانی ” ئەنجومەنی باڵای خۆڕاگری نیشتمانی کۆماری ئیسلامی ئەفغانستان “ لە لایەن ژمارەیەک لە کەسایەتییە سیاسییەکانی ئەم وڵاتەوە ڕاگەێندرا.
هێشتا شوێنی ئەم ئەنجومەنە ئاشکرا نەکراوە بەڵام ئەو کەسانەی کە گومان دەکرێت ئەندامی ئەنجومەنەکە بن لە دەرەوەی ئەفغانستان نیشتەجێن.
ئەنجومەنەکە لە بەیاننامەیەکدا پلانی داهاتووی خۆیی لە دوو بەشدا شرۆڤە کردووە: پلانی سیاسی کە تێیدا باس لە دانوستان و گەیشتنی بە ئاشتییەکی دادپەروەرانە کراوە و پلانی بەرگری – سەربازی کە تێیدا هۆشداری لە بەکارهێنانی چەک دراوە.
ڕاشیگەیاندووە کە لە یەکەم هەنگاودا گرنگی بە ئاشتی و چارەسەری سیاسی دەدەن.
دەوترێت کەسانی وەک عەبدولڕەسوڵ سیاف، محەممەد موحەقق، عەتا محەممەد نور، مارشاڵ عەبدولڕەشید دوستم و چەند کەسایەتییەکی دیکە لەو ئەنجومەنەدان.
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەی ئەو ئەنجومەنەدا هاتووە کە دۆخی ئێستای ئەفغانستان لە ئەنجامی تاکڕۆیی، پاوانخوازی، گەندەڵی و هەروەها خیانەتی هەندێک کەس بووە و ئێستا گەلی ئەفغانستان ڕوبەڕوی هەژاری وبێ چارەسەری و نیگەرانی بوونەتەوە./.