بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید موقتەدا سەدر، سەرۆکی ڕەوتی سەدر، لە سەر پەسەندکردنی پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە لایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییەوە هاتە دەنگ.
ناوبراو لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاند: پەسەندکردنی پرۆسەی هەڵبژاردنەکان و ئەنجامەکەی لە لایەکەوە وێنەیەکی جوانی دیمۆکراسیەتی عێراق دەخاتەڕوو و لە لایەکی دیکەوە ئەو هیوایە دەدات کە ناڕەزایان و ئەوانەی باس لە ساختەکاری دەکەن، دان بەم پرۆسە دیمۆکراسییەدا بنێن.
سەدر داوای لە ناڕەزایان بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان کرد کە ڕێگری لە ئاڵۆزکردنی ڕەوشی ناوخۆیی عێراق بکەن و ئەمەی بە کارێکی نەشیاو ناو برد و وتی کە تەنیا دۆخی سیاسی و ئەمنی تووشی کێشە دەکات.
سەرۆکی ڕەوتی سەدر وتی کە نابێت هیچ گوشارێک لە سەر کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان و هەروەها دەزگای داد هەبێت.
وتیشی کە دەبێت هەمووان بزانن ئەنجامی ئەلیکترۆنی لە بەرژەوەندی عێراق و ئاسایش و سەقامگیری ئەم وڵاتەیە./.