بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، نرخی نەوت لەم ماوەیەدا بە ڕیژەی بەرچاو بەرز بووەتەوە، هەندێک پێشبینی دەکەن بۆ ساڵی داهاتوو تا 100 دۆلاریش بڕوات، حکومەتی عێراق هیوای بەوە هەیە خاڵی وەرگرتنی قەرزی دەرەکی لە یاسای بودجەی ساڵی 2022 بکشێنێتەوە.
لە ساڵی 2020، بە دابەزینی نرخی نەوت و لێکەوتە ئابورییەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، عێراق بۆ دابینکردنی تێچووەکانی بە ناچار ڕووی لە قەرزکردن کرد. لە بودجەی ساڵی 2021 ی عێراق، نرخی هەر بەرمیل نەوت 45 دۆلار دیاریکرا، هەرچەندە لە نیوەی دووەمی ئەمساڵدا نرخی نەوت بە زۆرینە لە سەروی 60 دۆلارەوە بوو.
عێراق لە کۆتایی ساڵی ڕابردوو بۆ قەرەبووکردنەوەی کورتهێنانی بودجە و جێبەجێکردنی چاکسازییەکان لە سیستەمی ئابوری خۆی، نرخی دراوی لە بازاڕە ناوخۆییەکاندا لە 1200 دینار بۆ هەر دۆلار بۆ 1450 دینار دابەزاند.
ڕێژەی قەرزە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی عێراق بە گشتی 113 ملیار دۆلار خەمڵێندراوە کە نزیکەی 50 ملیار دۆلاری قەرزە ناوخۆییەکان و نزیکەی 40 ملیار دۆلاریشی پەیوەندی بە 8 وڵاتەوە هەیە کە لە دەیەی 1980 و 1990 تا ئێستا کەڵەکەبووە، نزیکەی23 ملیار دۆلاریش قەرزە دەرەکییەکانی عێراقە کە زیاتر پەیوەندی بە جێبەجێکردنی پرۆژەکانی گەشەپێدانی ئەم وڵاتەوە هەیە.
زیاتر لە سەدا 90 ی بودجەی عێراق لە ڕێگای داهاتی نەوتەوە دابین دەکرێت و بە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان، عێراق بە وەبەرهێنانی 4 ملیۆن و 600 هەزار بەرمیل و هەناردەی ڕۆژانەی زیاتر لە 3 ملیۆن بەرمیل نابێت تووشی کێشەی کورتهێنانی بودجە بێت.
بەڵام عێراق لە ئێستادا بە هۆی کێشە سیاسییەکان و ئەگەری دواکەوتنی دەستبەکاربوونی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەتی نوێ، ڕوبەڕوی پەسەندنەکردنی یاسای بودجەی 2022 دەبێتەوە.
حکومەتی عێراق بە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە نیوەی دووەمی ساڵی 2021، یەدەکی دراوی خۆیی گەیاندە زیاتر لە 60 ملیار دۆلار و کورتهێنانی بودجەکەشی دابینکرد و تا ئێستا بە پێچەوانەی یاسای بودجەش هیچ قەرزێکی وەرنەگرتووە.
ئێستا بە بەرزبوونەوەی نرخی بودجە، حکومەتی عێراق دەرفەتێکی لەباری بۆ پێدانەوەی قەرزەکان و سەرمایەگوزاری لە کێڵگە نەوتییەکان و هەروەها زیاترکردنی یەدەکی دراو و دارایی خۆی لە پێشە./.