No Result
View All Result
بەپێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە فێستیڤاڵەکەدا کە ئێوارەی چوارشەممە بەڕێوەچوو، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و بریکاری وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیر و هونەری هەولێر ئامادە بوون.
فێستیڤاڵەکە بە گەشتێک بەناو میوزیکی کوردی لەلایەن گرووپی میوزیکی ڕیتمی هەولێر دەستی پێکرد.
پاشان پانێلێک لەبارەی ڕەوشی ئەدەبی کوردستان بە بەشداریی د. حەمە مەنتک نووسەر و لێکۆڵەر لە هەرێمی کوردستان، شەریف فەلاح نووسەر و لێکۆڵەر لە کوردستانی ئێران و خالید جەمیل، نووسەر و توێژەر لە کوردستانی سووریا بەڕیوە چوو کە فەرهاد چۆمانی نووسەر و وەرگێڕ بەڕێوەبەری پانێلەکە بوو.
لەو پانێلەدا هەرکام لەو نووسەران تیشکیان خستە سەر ڕەوشی ئێستای زمان و ئەدەبی کوردی لەو بەشانەی کوردستان و چەند کێشە و گرفتێکی بەردەم ئەدەبی کوردییان خستە ڕوو.
دواتر لەلایەن ئازاد جوندیانی نووسەر و سیاسەتڤان خەڵاتی ڕێزلێنانی ناوەندی ڕۆشنبیریی مەم و زین بەسەر بەشداربوانی پانێلەکەدا دابەش کرا.
لە بڕگەیەکی دیکەی فێستیڤاڵەکەدا د. سالار عوسمان بریکاری وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە گوتەیەکدا وێڕای بەرزنرخاندنی فێستیڤاڵەکە ڕایگەیاند وەک وەزارەتی ڕۆشنبیری لە هەوڵداین لەمەودوا بە جدی ئاوڕ لە کێشە و گرفتی ناوەندە کولتووری و دەزگاکانی چاپ و وەشان بدەینەوە و بێگومان هەموویان بەسەر دەکەینەوە و ڕێکخستنی ئەمجۆرە چالاکییانە پێویستیی ڕەوشی ئەمڕۆی کوردستانن.
پاشان خەڵاتی ساڵانە و تایبەتیی فێستیڤاڵی ئەدەبیی مەم و زین بەخشرایە جان دۆست نووسەر و ڕۆماننووسی ناسراوی کورد لە بەرانبەردا جان دۆست لە گوتەیەکدا سپاسی ڕێکخەرانی فێستیڤالەکەی کرد و گوتی وەرگرتنی خەڵات لەلایەن نەتەوەکەمەوە بۆ من فەخر و شانازییە.
لە بڕگەی کۆتایی فێستیڤاڵەکەدا لەلایەن یاران هیوا بەڕێوەبەری ناوەندی ڕۆشنبیریی مەم و زین-ەوە وێڕای سپاسی ئامادەبوان و بەشدارانی فێستیڤاڵەکە کورتەیەکی لەبارەی کار و چالاکییە فەرهەنگی و ئەدەبییەکانی ناوەندەکەیانی خستە ڕوو.
No Result
View All Result