بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سکرتێری ئەنجومەنی زانایانی ئیسلامی قەزای ڕوانسەر سەبارەت بە هەفتەی یەکڕیزی سوننە و شێعە لە ئێران، وتی: زانایانی ئیسلامی دەتوانن ڕێگری لە پەرەسەندنی ناکۆکییەکان بکەن و یەکڕیزی نێوان سوننە و شێعە بەهێزتر بکەن.
مامۆستا یەحیا شەهبازی بە ئاماژە بە کردەوە تیرۆریستییەکانی ئەم دواییەی ئەفغانستان وتی: کردنە ئامانجی شێعەکانی ئەفغانستان نموونەیەکی ڕوونە بۆ تێکدانی یەکڕیزی نێوان سوننە و شێعە، کردەوەیەکی دژە مرۆڤانە کە لە گەڵ هیچ یەک لە بنەماکانی مافی مرۆڤ یەک ناگرێتەوە و سەرکردەکانی ڕەوتی ستەمکاری جیهانیش دانیان بە پێکهێنانی ئەم گرووپە تیرۆریستییەدا ناوە.
ناوبراو هەفتەی یەکڕیزیی بە باشترین دەرفەت بۆ یەکگرتنی کۆمەڵگا ئیسلامییەکان ناو برد و وتی: دەبێت شێوازی ژیانی ئێمە لە سەر بنەماکانی ئیسلام و فەرموودەکانی پێغەمبەری گەورەی ئیسلام (د.خ) بێت.
مامۆستا شەهبازی بە ئاماژە بەوەی کە یەکڕیزی سوننە و شێعە لە ئێران هۆکارێکی سەرەکیی پاراستنی شۆڕشی ئیسلامی لە بەرامبەر پیلانگێڕییەکانی ڕەوتی ستەمکاری جیهانی بووە، وتی: شۆڕشی ئیسلامی لە پاش سەرکەوتنی تا بە ئەمڕۆ بەردەوام هەڕەشە و مەترسی و هێرشی جۆربەجۆری دوژمنانی لە سەر بووە و پاراستنی ئەم شۆڕشە کە خوێنی زۆری گەنجانی شێعە و سوننەی بۆ ڕژاوە، ئەرکێکی گرنگە کە دەبێت هەموومان لە هەوڵیدابین.
ناوبراو بە ئاماژە بە وتەیەکی حەزرەتی ئیمام خومەینی (رە) سەبارەت بەوەی کە هەر کەسێک ناکۆکی دەخاتە نێوان شێعە و سوننە، موسڵمان نییە، وتی: گرووپە تەکفیرییەکان و دوژمنان بۆ ڕوبەڕوبونەوەی موسڵمانانی جیهان، پیلانی تێکدانی یەکڕیزی و زیاتربوونی ناکۆکییەکانی نێوانیان داڕشتووە.
وتارخوێنی هەینی ڕوانسەریش وێڕای پیرۆزبایی هەفتەی یەکڕیزی موسڵمانانی جیهان، وتی: ئیمام خومەینی (رە) بەم دەستپێشخەرییە هەنگاوێکی گەورەیان لە پێناو یەکڕیزی شێعە و سوننەدا هەڵگرت و شانازی ئێمەی موسڵمان جێبەجێکردنی ئەم ئەرکە گەورەیە.
مامۆستا سەید محەممەد محەممەدی گرنگی یەکڕیزی ئیسلامیی وەبیرهێنایەوە و وتی: حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی هەر ئیهانەکردن و سووکایەتیکردنێکیان بە کەسایەتییەکانی شێعە و سوننە بە حەرامی شەرعی ناو بردووە.
وتارخوێنی هەینی ناحیەی ئەزگڵە یەکێکی دیکە لەو کەسانە بوو کە بۆچوونی خۆیی لە سەر هەفتەی یەکڕیزی دەربڕی و وتی: دوژمنانی ئیسلام بە تایبەت ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی لە هەمان سەرەتاوە هەوڵی دووبەرەکی و ناکۆکییان لە کۆمەڵگای ئیسلامی داوە و هەوڵیان داوە بە لاوازکردنی کۆمەڵگا و وڵاتانی ئیسلامی، پیلانەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن.
مامۆستا محەممەد بەراتی بە ئاماژە بەوەی کە هەفتەی یەکڕیزی شێعە و سوننە پەیامێکی گرنگی بۆ تەواوی جیهانی ئیسلام هەیە و جیهانی ئیسلام دەبێت لەم هەفتەیە کەڵکی گەورە وەربگرێت، وتی: ئەرکی سەرشانی هەموو موسڵمانێکە کە پیلانی دوژمنان بۆ دووبەرەکی نانەوەی نێوان جیهانی ئیسلام پووچەڵ بکاتەوە.
وتیشی کە ئیمام خومەینی (رە) بە سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی و پێکهێنانی سیستەمی کۆماری ئیسلامی ئێران، بەرگری لە موسڵمانانیان وەک ئەرک و ستراتیژێکی گەورە خستە بەردەم بەرپرسانی وڵات و بە دەستپێشخەری هەفتەی یەکڕیزی کە بە بۆنەی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئازیزی ئیسلامە (د.خ)، جەختیان لە سەر بەهێزبوونی جیهانی ئیسلام کردووەتەوە کە ئەمڕۆش دەبینین یەکڕیزی نێوان سوننە و شێعەی ئێران بووەتە نموونەیەک بۆ وڵاتانی دیکەی ئیسلامی.
مامۆستا بەراتی وتی کە یەکڕیزی سوننە و شێعەی ئێران بووەتە چقڵی چاوی دوژمنانی ئیسلام.
وتارخوێنی هەینی سەرپێڵی زەهاویش هەفتەی یەکڕیزیی بە دەرفەتێک بۆ پووچەڵکردنەوەی هەڕەشەکانی دوژمنان ناو برد و وتی: دەبێت لەم دەرفەتە بۆ پتەوکردنی یەکڕیزی ئیسلامی کەڵک وەربگرین، لە بەر ئەوەی کە دوژمنان بە تایبەت ئەمریکا و زایۆنیستەکان لە پیلانەکانی خۆیان بۆ ناکۆکی خستنە نێو وڵاتانی ئیسلامی بەردەوامن.
شێخ جەواد فاتمی نەسەب وتی کە بە ووشیاری و یەکڕیزی، موسڵمانان دەتوانن هەر پیلان و هەڕەشەیەک لە ناو ببەن.
ناوبراو بە ئاماژە بە ڕووداوەکانی ئەم دواییەی ئەفغانستان، وتی: ئەمریکا پاش 20 ساڵ و تێچوویەکی زۆی دارایی و هێرشی سەر ناوچەکە، بە سەرشۆڕی لە ئەفغانستان کشایەوە بەڵام ئێستاش ئاسەواری ئەو داگیرکارییە بۆ گەلی ئەفغانستان ماوەتەوە و جیهان لەوە تێدەگات کە ئەمریکا تەنیا هەوڵی مسۆگەرکردنی بەرژەوەندییەکانی خۆیی داوە نەک پێشکەوتنی ئەفغانستان و ئاسوودەیی خەڵکی ئەم وڵاتە./.