نووسەر لە کاتێکدا ئێران و تورکیای لە سیاسەتیان بەرامبەر بە کورد پێکەوە بەراورد کردووە کە کۆماری ئیسلامی ئێران تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی ڕاستەوخۆی سەربازیی لە ناو خاکی هەرێمی کوردستان لە دژی پێگە و بارەگاکانی گرووپەکانی دژبەری شۆڕش نەبووە و هێرشە مووشەکی و تۆپخانەییەکانیش کە کراوە، وەڵامێک بۆ کردەوەکانی ئەو گرووپانە بووە و گرنگتر ئەوەش کە ئەو هەنگاوانەی ئێران تا ئێستا زیانی بە خەڵکی هەرێمی کوردستان نەگەیاندووە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە هێرشە بەردەوامە سەربازی و ئاسمانییەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان بووەتە بابەتێکی ڕۆژانە و تەنانەت لە چەند مانگی ڕابردوو گەیشتووەتە ناوچەکانی پارێزگای سلێمانیش، زیاتر لەمەش و بە پێی هەواڵ و ڕاپۆرتی میدیا و لایەنە سیاسییە کوردییەکان، تورکیا لە قووڵایی خاکی هەرێمی کوردستان چەندین بنکەی سەربازیی کردووەتەوە و دەیان کیلۆمەتر لەم ناوچەیە پێشڕەویی کردووە و تا ئێستا هێرشەکانی ئەو وڵاتە دەیان کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە و دەیان گوندیش بەو هۆیەوە چۆڵکراون.
لە لایەکی دیکەوە، کۆماری ئیسلامی ئێران لە قۆناغە جیاجیاکاندا بەردەوام لە گەڵ کوردانی عێراق بووە و لە ساڵانی شەڕی دژ بە داعش و لە کاتێکدا کە تەنانەت تورکیا لە لایەن کوردەکانەوە بە ڕێکخستن و پاڵپشتیکردنی ئەو گرووپە تیرۆریستییە تۆمەتبار دەکرا، ئێران و هاوکارییە سەربازی و ڕاوێژکارییەکانی ڕۆڵی گرنگی لە تێکشکاندنی پیلانی داعش هەبووە.
هەروەها دۆخی کوردانی ئێران و تورکیاش بە هیچ شێوازێک پێکەوە بەراورد ناکرێت. کوردانی ئێران دۆخێکی کۆمەڵایەتی گونجاویان هەیە، هەلومەرجی خزمەتگوزارییەکان لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران و تەنانەت لە ناوچە سنورییەکان لە گەڵ ناوچەکانی دیکە هێندە جیاوازیی نییە، خزمەتگوزارییەکانی ئێران لە ناوچە سنورییەکان بە تایبەت لە بواری دابینکردنی کارەبا، سووتەمەنی، ڕێگاوبان و … بەردەوام ستایشی کەسایەتییەکانی کوردی بە دواوە بووە، هەڵسووکەوتی دەسەڵاتی ئێرانیش لە گەڵ نەتەوەی کورد بەردەوام بە ڕێزلێنانی تایبەتەوە بووە، کوردەکان بە ڕەسەنترین دانیشتووانی ئێران ناو براون و بەردەوام لە پلە و پۆستە باڵاکاندا دەستنیشان کراون، بۆ نموونە، لە کابینەی نوێی کۆماری ئیسلامی ئێران بە سەرۆکایەتی سەید ئیبراهیم ڕەئیسی ناوی چەندین کورد لە پۆستە حکومییە باڵاکاندا دەبینرێت.
بەڵام لە تورکیا سیاسەتی نکۆڵیکردن لە بوونی کوردان بەردەوام پەیرەو دەکرێت، زمانی کوردی و تەنانەت ناوە کوردییەکانیش لەم وڵاتەدا قەدەغەیە، دەیان ئەندام کوردی خولەکانی پەرلەمانی تورکیا لە گرتووخانەکانی ئەو وڵاتەدان، سوپای تورکیا بەردەوام لەشکرکێشیی کردووەتە سەر ناوچە کوردنشینەکان و ئەو پەیوەندییەی نێوان ئەنکەرە و هەرێمی کوردستانیش گرێدراوی بەرژەوەندییە سیاسی، ئابوری، ئەمنی و سەربازییەکانی تورکیایە لە ئاستی ناوچەکە.
بەڵام سەبارەت بە ناوەڕۆکی سەرەکی نووسینەکەش، نووسەر ڕایگەیاندووە کە گرووپەکانی دژبەری شۆڕش هیچ کات نەبوونەتە سەرچاوەی هەڕەشە لە دژی ئێران و ئاسایشی سنورەکانی و هەڕەشەکانی فەرماندە باڵا سەربازییەکانی ئێران بۆ بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی لەو ستراتیژەیە کە تاران لە ئاستی عێراق و ناوچەکە هەوڵی بۆ دەدات.
نووسەر ڕەنگە ئەوەی لەبیر کردبێت کە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران بەشی جیانەکراوی خاکی ئەم وڵاتەن و بەکارهێنانی وشەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ئەم ناوچانە بە پێشێلکردنی سەروەری و یەکپارچەیی خاکی کۆماری ئیسلامی ئێران دادەنرێت و زۆر جێی داخە کە ناوبراو ئەم ڕاستییانەی لە بەرچاو نەگرتووە.
لە لایەکی دیکەوە، بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان، کۆماری ئیسلامی ئێران مافی ڕەوای وەڵامدانەوەی هەر سەرچاوەیەکی هەڕەشەی بۆ سەر سنورەکانی هەیە. بە پێی ئەوەی کە نووسەر ڕایگەیاندووە، گرووپەکانی دژبەری شۆڕشی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان لەم ناوچەیە پێگەی سەربازی و چالاکی سیاسی و ڕۆشنبیرییان هەیە. بە پێی کام یاسا، ئەم گرووپانە موڵەتی بەهێزکردنی خۆیان و ئەنجامدانی کردەوەیان لە دژی گەلی ئێران پێدراوە. هەروەها کام لۆژیک ئەوەی قبووڵە کە ئەم گرووپانە لە خاکی هەرێمی کوردستان بەو شێوازە دەرفەتی خۆڕێکسختنەوە و تەنانەت پاڵپشتیکردنیان هەبێت و پاش هەر کردەوەیەک لە دژی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران بۆ پێگەی خۆیان بگەڕێنەوە و تەنانەت لە میدیاکانی هەرێمی کوردستانیش باس لە کردەوەی خۆیان بکەن.
ناوبراو لە کاتێکدا باسی بەدواداچوونی حکومەتی عێراقی لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە لە دژی لێدوانی فەرماندە سەربازییەکانی ئێران کردووە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان تا ئێستا لە بەرامبەر هەڕەشە بەردەوامەکانی تورکیا و داگیرکردنی چەند ناوچەیەکی هەرێم، بێدەنگیی هەڵبژاردووە و تەنانەت ئەو بێدەنگی و بێ هەڵوێستییەی هەولێریش بووە کە بە جۆرێک ڕێگریی لە هەڵوێستی حکومەتی عێراق بە تایبەت گرووپەکانی خۆڕاگری لە دژی داگیرکاری و دەسدرێژییەکانی تورکیا کردووە.
نووسەر لە بەشێکی دیکەی نووسینەکەیدا ئێرانی بەوە تۆمەتبار کردووە کە لە درووستکردنی بۆمبی ناوەکی نزیک بووەتەوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە جیهان بە گشتی لە فەتوا مێژووییەکەی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران سەبارەت بە قەدەغەکردنی چەکی کۆمەڵکوژ ئاگادارە و ئەم هەڵوێستە بوێرانەی بەڕێزیان بەردەوام لای سەرکردەکانی جیهان ستایش کراوە. کۆماری ئیسلامی ئێران هێزی خۆیی لە ڕێبەرایەتی و پاڵپشتی بەردەوامی خەڵک وەرگرتووە و پێویستی بە چەکی ناوەکی نییە. جێی داخە کە ئەم نووسەرە کوردە چاوی بە ڕووی ئەم هەموو ڕاستییەدا داخستووە./.