بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند کە پێشبینی دەکرێت لە چارەکی یەکەمی ساڵی داهاتوو نرخی هەر بەرمیل نەوتی خاو لە بازاڕەکاندا بگاتە 100 دۆلار، ئەمەش بە هۆی کاریگەری دابەزینی کۆگای ستراتیژی ئەمریکا و جیهان و باشتربوونی دۆخی ئابوری جیهان لە پاش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.
ناوبراو وتی: حکومەتی عێراق نرخی هەر بەرمیل نەوت لە بودجەی ساڵی 2022 لە نێوان 55 تا 65 دۆلار جێگیر دەکات، پێشبینی ئەوەش دەکرێت کورتهێنانی دارایی نەبێت و دۆخی ئابوری وڵات ڕوو لە باشتربوون بکات.
وەزیری نەوتی عێراق هەروەها وتی کە وڵاتانی ئەندام لە ڕێکخراوی ئۆپێک هەوڵی دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەک بۆ هاوسەنگکردنی بازاڕ دەدەن و نایانەوێت نرخی نەوت بگاتە ئاستێک کە جێگای پەسەندی کڕیاران نەبێت./.