بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەحمەد ئەسەدی وتەبێژی هاوپەیمانی فەتح وتی کە شێوازی ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان هەمووانی تووشی شۆک کرد و بەستێنی ئەوەشی دابینکردن کە هەمووان بە چاوی گومانەوە لە ئەنجامەکان بڕوانن.
ناوبراو وتی: ئێمە نیگەرانین کە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان ببێتە قەیرانێکی کۆمەڵایەتی گەورە، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان دەبێت بە بەڵگەوە ڕەزامەندی لایەنەکان لە سەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بە دەست بێنێت.
ئەسەدی ڕایگەیاند کە زیاتر لە 2 هەزار کاندید پێیان وایە کە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەستکاری کراوە.
وتەبێژی هاوپەیمانی فەتح وتی: چوارچێوەی هەماهەنگی لایەنە سیاسییەکانی شێعە لە ڕۆژی یەکەمی ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانەوە تا ئێستا دژایەتیی کردووە.
ناوبراو وتی: ئێمە بەڵگە و داتای ئەوەمان لە بەردەستە کە بوونی کێشە لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەسەلمێنێت.
ئەسەدی وتی کە تا ئێستا هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح و موقتەدا سەدر سەرۆکی ڕەوتی سەدر لە سەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان کۆنەبوونەتەوە.
وتیشی کە ئێمە لە هاوپەیمانی فەتح لە هەر هاوپەیمانی یان ڕێکەوتنێک لە سەر پێکهێنانی حکومەت، بەرژەوەندییە باڵاکانی عێراق لە بەرچاو دەگرین./.