بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دانیشتووانی شاری بەنی وەلید 10 ساڵ پاش کوژرانی مەعمەر قەزافی سەرۆکی پێشووی لیبیا یادی ئەو بەرز ڕادەگرن و وێنەکانی ئەویان لە شارەکەدا هەڵواسیوە.
دەسەڵاتەکەی قەزافی لە 20 ی تشرینی یەکەمی ساڵی 2011 کۆتایی هات و لە شاری سێرت کوژرا. لەو کاتەدا دانیشتووانی بەنی وەلید بە تەواوی پاڵپشتییان لە قەزافی کرد، زۆربەی چەکدارانی لایەنگری قەزافی لە شارەکەدا کوژران و لە شەڕەکانی دواتریش گرووپە نەیارەکانی قەزافی ژمارەیەکی زۆری ئەوانیان کردە قوربانی.
هێشتا ئاسەواری شەڕەکەی ساڵی 2011 لە بەنی وەلید بەدی دەکرێت کە کەوتووەتە 170 کیلۆمەتری باشوری ڕۆژهەڵاتی شاری تەرابلۆسی پایەتخت.
خەڵکی بەنی وەلید هێشتا ئاڵا سەوزەکەی سەردەمی قەزافی لە شارەکەیاندا هەڵدەکەن و وێنەیەک لە ئاڵای نیشتمانیی لیبیا نابینرێت.
دانیشتوویەکی بەنی وەلید قەزافی وەک کارێزمایەک ناو دەبات و دەڵێت ناوبراو بۆ هەمیشە لە نێو دڵی ئێمەدا دەمێنێتەوە.
محەممەد ئەبی حەمرا دەڵێت کە پاش 10 ساڵ تێپەڕبوون بە سەر کوژرانی قەزافی، لیبیا هێشتا سەقامگیریی بە خۆوە نەبینیوە و نادادی، بۆردومان، کوشتار و ڕفاندنی خەڵک ڕۆژانە دەبینرێت.
ئەحمەد ئەبوهەریبە کە پیشەی ڕۆژنامەنووسە، بە هەمان شێوە بەرگری لە قەزافی دەکات و دەڵێت کە ئەو نەک تەنیا دیکتاتۆر نەبووە بەڵکوو پارێزەری هاووڵاتیان بووە.
ڕاشیگەیاندووە کە خەڵکی بەنی وەلید ئێستا لە پاش نەمانی قەزافی پاڵپشتی لە سەیفولئیسلامی کوڕی دەکەن./.