بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، هاوپەیمانی نەسر بە سەرۆکایەتی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراق لە سەر ساختەکاریی هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەی ئەم وڵاتە هەندێک زانیاریی خستەڕوو.
ندا شاکر جەودەت لە سەرکردەکانی هاوپەیمانی نەسر ڕایگەیاند کە ساختەکاری لە هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی عێراق بەو شێوازە بووە کە لە یەک ناوەندی هەڵبژاردنەکان کە 5 تا 6 بازنەی دەنگدان هەبووە، تەنیا دەنگەکانی یەک بازنە هەژمار کراوە و ئەنجامەکەشی بۆ سەرجەم بازنەکان و بنکەکانی دەنگدان حسێب کراوە.
ناوبراو وتی: بە پێی یاسا پێویستی دەکرد کە دەنگی سەرجەم بازنەکان و بنکەکانی دەنگدان هەژمار بکرێن، نەک بەم شێوازە کە ساختەکاری لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و ڕاگەیاندنەکەی بە ئاشکرا دەبینرێت.
جەودەت وتی: لە هەندێک بازنەی هەڵبژاردنەکان و بنکەکانی دەنگدان ڕێگری لە چاودێری بەشێک لە لایەنەکان کراوە، لە هەندێک شوێنیش پۆلیس چاودێرانی ئەو لایەنانەی کردووەتە دەرەوە، هەموو ئەمانەش دەسەلمێنێت کە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەستکاری کراوە و ساختەکارییەکی مەترسیدار و پلان بۆ داڕێژراو هەبووە./.