بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئامارەکانی گومرکی چین پیشان دەدات کە عێراق بۆ سێهەم مانگی بەردەوام لە پلەی سێهەمی هەناردەکارانی نەوت بۆ ئەم وڵاتە بووە.
لە ڕاپۆرتێکی گومرکی چیندا هاتووە کە عێراق بە هەناردەی 5 ملیۆن و 837 هەزار تەن نەوتی خاو کە دەکاتە 30 ملیۆن و 800 هەزار بەرمیلی مانگانە و یەک ملیۆن و 26 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە، بە دابەزینی لە سەدا 24.6 بەراورد بە مانگی ئاب، سێهەم هەناردەکاری نەوت بۆ چین بووە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە عێراق لە مانگی ئاب ڕۆژانە یەک ملیۆن و 318 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەی چین کردووە بەڵام بەراورد بە مانگی ئەیلولی ساڵی ڕابردوو لە سەدا 20.4 بەرزبوونەوەی هەبووە.
گومرکی چین ڕایگەیاندووە کە سعوودیە سەرەڕای دابەزینی لە سەدا 1.2 ی هەناردەی نەوت بۆ چین بەراورد بە مانگی ئاب، بە هەناردەی ڕۆژانەی یەک ملیۆن و 88 هەزار بەرمیل لە پلەی یەکەمی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت بۆ چیندایە.
پاش سعوودیەش، ڕووسیا بە هەناردەی 6 ملیۆن و 14 هەزار تەن یان یەک ملیۆن و 45 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە لە پلەی دووەم، عۆمان بە هەناردەی 973 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە لە پلەی چوارەم و ئانگۆلا بە هەناردەی 730 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە لە پلەی پێنجەمدایە.
عێراق زۆربەی نەوتەکەی بۆ ڕۆژهەڵاتی ئاسیا بە تایبەت چین و هیندستان (لە سەدا 67) هەناردە دەکات و ئەوی دیکەی ڕەوانەی بازاڕەکانی ئەورووپا و ئەمریکا دەکرێت./.