بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سولێمان سویلۆ وەزیری ناوخۆی تورکیا ڕۆژی چوارشەممە بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە تاران و لە گەڵ ئەحمەد وەحیدی وەزیری ناوخۆی کۆماری ئیسلامی ئێران کۆبووە.
وەزیری ناوخۆی ئێران لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی: لە کۆبوونەوەکەدا سەبارەت بە پەرەپێدانی هاوکارییەکان لە سەرجەم بوارەکاندا وتووێژ کرا و چەندین بابەتی هاوبەشی نێوان هەر دوو وڵات هەیە، وەک بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم، تاوانە نێودەوڵەتییەکان، قاچاخی چەک و هەروەها پەرەپێدانی هاوکارییەکان لە ناوچە سنورییەکان.
ناوبراو وتی کە بەدەر لەمانەش سەبارەت بە چەندین بابەتی گشتی وەک ڕۆڵی تێکدەرانەی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی لە ناوچەکە و ئەو کێشانەی کە بۆ گەلانی ناوچەکە خوڵقاندوویانە و هەروەها دۆخی ئەفغانستان، وتووێژ کرا.
وەحیدی وتی کە پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و تورکیا بە خێرایی بەرەو پێش دەڕوات و هەر دوو وڵات پێکەوە لە پێناو سەقامگیری ناوچەکە هەوڵ دەدەن و پیلانی دوژمنانیش پووچەڵ دەکەنەوە و موڵەتی ئەوە نادەن لایەنەکانی دیکە کێشە لە پەیوەندییەکانیان بخوڵقێنن./.