بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لێدوانەکەی ژنڕاڵ مەک کێنزی بە واتای ئەوەیە کە ئەمریکییەکان بۆ مانەوەیان لە ناوچەکە تەنیا گرووپی تیرۆریستی داعشیان کردووەتە بیانوو، ئەو گرووپەی کە خۆیان پێکهێنەرین و بەردەوام پاڵپشتییان لێکردووە.
فەرماندەی سنتکۆم ڕایگەیاند کە بەغدا و واشنتن ڕێکەوتنیان کردووە کە پاڵپشتی لە هێزەکانی عێراق و هاوکاری ڕاوێژکارانی سەربازی بۆ ئەم وڵاتە بەردەوام بێت.
مەک کێنزی بە کەناڵی سکای نیوزی ڕاگەیاندووە کە هەر دوو حکومەتی واشنتن و بەغدا چەندین خولی وتووێژیان هەبووە کە تێیدا ڕێکەوتن کراوە هاوکاری ڕاوێژکاریی ئەمریکا بۆ عێراق بەردەوام بێت.
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە خشتەیەکی کاتی بۆ ئەو هاوکاریکردنەش دیاری نەکراوە.
لێدوانەکانی فەرماندەی سنتکۆم لە کاتێکدایە کە سەرچاوە بڕواپێکراوەکان لە ناوچەکە دانیان بەوەدا ناوە کە ئەمریکا بەردەوام کارتی داعش بۆ جێبەجێکردنی سیاسەت و پیلانەکانی لە ناوچەکە بەکار دێنێت، بەم دواییەش سەرۆک کۆماری ڕووسیا ئاشکرای کرد کە ئەمریکییەکان تیرۆریستانی داعش لە سوریا و عێراقەوە دەبەنە ئەفغانستان.
هەروەها لێدوانەکانی ئەو فەرماندە ئەمریکییە لە کاتێکدایە کە پەرلەمانی عێراق پێشتر یاسای دەرکردنی هێزە سەربازییەکانی بێگانەی پەسەند کردووە و بەرپرسانی حکومەتەکەی مستەفا کازمیش ڕایانگەیاندووە کە بە پێی ڕێکەوتنی نێوان بەغدا و واشنتن، هێزەکانی ئەمریکا تا کۆتایی کانوونی یەکەمی 2021 لە عێراق دەکشێنەوە و ئەوانەش دەمێننەوە لە ژێر چاودێری سەربازیی عێراق و تەنیا وەک ڕاوێژکارن./.