بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، یەکێتی هەناردەکارانی میوە و سەوزەی تورکیا ڕایگەیاند کە عێراق لە پلەی سێهەمی هاوردەکارانی میوە و سەوزەی ئەم وڵاتەدایە و لە ماوەی 9 مانگدا 145 ملیۆن دۆلاری هاوردە کردووە.
هارتین ئوشاک سەرۆکی ئەو یەکێتییە وتی: هەناردەی میوە و سەوزەی تورکیا لە یەک ملیار و 198 ملیۆن دۆلارەوە گەیشتووەتە یەک ملیار و 470 ملیۆن دۆلار لە کانوونی دووەم تا ئەیلولی 2021 و لە سەدا 23 گەشەی کردووە.
ناوبراو وتی کە تورکیا هەوڵ دەدات ڕێژەی هەناردەی میوە و سەوزە لە ساڵی 2021 بگاتە 2 ملیار دۆلار.
ئوشاک وتی: زیاترین هەناردەی تورکیا، ئاوی میوە بە بڕی 267 ملیۆن دۆلار، جۆرەکانی ترشی بە بڕی 218 ملیۆن دۆلار و خواردنە گازییەکان بە بڕی 194 ملیۆن دۆلار بووە.
سەرۆکی یەکێتی هەناردەکارانی میوە و سەوزەی تورکیا وتی کە ئەڵمانیا بە هاوردەی 200 ملیۆن دۆلار و ئەمریکا بە هاوردەی 185 ملیۆن دۆلار لە پلەکانی یەکەم و دووەمی هاوردەی میوە و سەوزەن لە تورکیا.
بە وتەی ناوبراو، عێراق بە هاوردەی 145 ملیۆن دۆلار، پلەی سێهەمی زیاترین هاوردەی میوە و سەوزەی تورکیای هەیە./.