بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید ڕەزا سەدرحوسێنی شرۆڤەکاری باڵای کاروباری ناوچەکە لە نووسینێکدا ڕایگەیاند کە گرووپە تیرۆریستییە توندڕۆکانی وەک داعش، بە پاڵپشتی ئەمریکا و چەند وڵاتێکی ناوچەکە، چەندین ئامانجیان لە هێرشکردنە سەر ناوەندە مەزهەبی و ڕۆشنبیرییەکانی شێعە لە ئەفغانستان هەیە:
1 – ئەوەی کە ئێران بە هێرشی داعش بۆ سەر شێعەکان کاردانەوەی هەبێت و لەم ڕێگایەوە ناکۆکی لە نێوان تاران و تاڵیبان بخوڵقێنن.
2 – هەڵوێستی لایەنگرانی مەزهەبی شێعە لە ئەفغانستان و مەرجەعیەتی ئائینی لەم وڵاتە و هەندێک لە پێکهاتەکانی دیکە لە دژی تاڵیبان و ناکۆکی نێوان ئەوان و گرووپی تاڵیبان.
3 – لە ڕێگای کوشتنی شێعەکان بە تایبەت هەزارەکانەوە دەیانەوێت هێزی خۆیان بۆ پیشاندانی لاوازیی تاڵیبان لە دابینکردنی ئاسایشی ئەفغانستان بسەلمێنن.
4 – بەم دواییانە تاڵیبان ڕایگەیاندووە کە ڕیزەکانی خۆی لە هەندێک ئەندامی ناپاک نوێ دەکاتەوە، ئەمەش بە واتای ئەوە دێت کە هەندێک لە هێزەکانی تاڵیبان لە گەڵ سەرکردایەتی ئێستا و سیاسەتەکانی هەماهەنگ و تەبا نین و ستراتیژی ئەمریکا و لایەنەکانی سەر بەم وڵاتە لە ماوەی 20 ساڵی ڕابردوو لە ئەفغانستان و وڵاتانی وەک سعوودیە ئەوەیە کە ئەوانەی لە ڕیزەکانی تاڵیبان دوور دەخرێنەوە، بە ئاسانی پەیوەندی بە داعشەوە بکەن.
5 – تا ئێستا تاڵیبان پێکهاتەی خۆیی بە زۆرینە لە دژی داگیرکاری پاراستووە و ئەمەش یەکگرتوویی دەستەبەر کردووە بەڵام بەم سیاسەتەی ئەمریکاوە ڕەنگە ئەو ئامانجەی تاڵیبان چیدی مسۆگەر نەبێت.
6 – ئەمریکا و وڵاتانی هاوپەیمانی، دەیانەوێت کەڵک لە بچووکترین ناکۆکییەکان بۆ خوڵقاندنی کێشە لە نێوان تاڵیبان و خەڵکی ئەفغانستان و هەندێک لە وڵاتانی دراوسێ وەربگرن.
ڕێگاکانی دەربازبوون لەمەش چییە؟
1 – تاڵیبان دەبێت مەترسی داعش بە جیدی وەربگرێت و لەوەش تێبگات کە داعش تەنیا نییە و ئەمریکا، سعوودیە و چەندین دەزگای هەواڵگری ناوچەکەی لە پشتەوەیە.
2 – تاڵیبان نابێت دەرفەتی ئەوە بدات کە ستراتیژ و ئامانجی دژە داگیرکاری لەم گرووپە کاڵ ببێتەوە، دووبارەکردنەوەی مەترسی گەڕانەوەی ئەو داگیرکارییە و پیلانگێڕییەکانی ئەمریکا دەتوانێت ئەو ئامانجە بۆ تاڵیبان بە زیندوویی بهێڵێتەوە.
3 – تاڵیبان دەتوانێت لە پێناو دڵنیایی و گەڕانەوەی متمانە، ئاسایشی ناوچە شێعەنشینەکانی ئەفغانستان ڕادەستی خۆیان بکات و هێزەکانی تاڵیبان تەنیا یارمەتیدەر و پشتیوان بن.
4 – هەژاری و برسێتی لە ئەفغانستان دوو کێشەی گەورەی تاڵیبانە و دەتوانێت ئاستەنگ لە بەردەم دەسەڵاتەکەیدا بخوڵقێنێت. ئاسایشی ئەفغانستان بە بێ چارەسەرکردنی کێشەی بژێوی ژیانی خەڵک دابین ناکرێت. بێکاری و هەژاری هەڕەشە لە ئەفغانستان دەکات و ڕاستییەکە ئەوەیە کە مرۆڤی هەژار و برسی، هیچ شتێکی بۆ لە دەستدان نییە، ئەو داوەی کە ئەمریکا لە بەرامبەر تاڵیبان دایناوە، هەژاری و پارە و ئیمکانیاتی داعشە.
5 – یارمەتیدان و هاوکاریکردنی بەپەلەی ئەفغانستان دەتوانێت پیلانی ئەمریکا و سعوودیە تا ڕادەیەک پووچەڵ بکاتەوە.
6 – هاوکاری بەپەلەی ئەمنی، هەواڵگری و ڕاوێژکاری و سەربازی بۆ ئەفغانستان لە شەڕی بەرەنگاربوونەوەی داعش لە لایەن وڵاتانی کاریگەری وەک کۆماری ئیسلامی ئێران کە ئەزموونێکی سەرکەوتووی لە سوریا و عێراق هەیە، ڕۆڵی بەرچاوی لە پووچەڵکردنەوەی پیلانی داعش دەبێت و ئەڵبەت دەبێت ئەم هاوکارییانەش بە پێی دابینکردنی بەرژەوەندییەکانی هەر دوو گەلی ئێران و ئەفغانستان بێت./.