بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەمین حوسێن ڕەحیمی وەزیری دادی ئێران لە کۆبوونەوەی لە گەڵ سالار عەبدولسەلام محەممەد هاوتا عێراقییەکەی، بە ئاماژە بەوەی کە هەر دوو وڵاتی دۆست، موسڵمان و برادەری ئێران و عێراق هاوبەشییەکی زۆریان لە بواری مێژوویی، ئائینی و کەلتوری هەیە، وتی: خۆشبەختانە پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و عێراق لە ئاستێکی بەرزدایە و لەم ماوە کەمەی دەستبەکاربوونی کابینەی سێزدەیەمی ئێرانیش هاتووچۆ و سەردانی شاندەکەی هەر دوو وڵات زیادی کردووە.
ڕەحیمی وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوام پاڵپشتی لە ئاسایش، سەقامگیری، سەربەخۆیی و یەکپارچەیی خاکی عێراق دەکات و لەو بڕوایەداین کە دەستێوەردانی دەرەکی نەک تەنیا نابێتە هۆکاری بەدیهاتنی ئاسایش، بەڵکوو ناسەقامگیریشی بە دواوە دەبێت و دەبێت وڵاتانی ناوچەکە خۆیان بۆ دابینکردنی ئاسایش هەنگاو بنێن.
ناوبراو وتی: ئەمریکییەکان لە عێراق تاوانی زۆریان کردووە کە یەکێک لەوانەش تیرۆری شەهیدان قاسم سولێمانی و ئەبومەهدی موهەندیسە و دۆسیەی تایبەت بەم تاوانەش لای دەزگای دادی هەر دوو وڵات کراوەتەوە و پێویستە لە عێراقیش بە جیدی بەدواداچوونی بۆ بکرێت تا سەرجەم ئەوانەی دەستیان لە تاوانەکەدا هەبووە سزا بدرێن.
وەزیری دادی ئێران وتی: بۆ جێبەجێکردنی ڕێکەوتنەکانی هەر دوو وڵات لە بواری داد، لێژنەیەکی هاوبەش پێکهاتووە بەڵام چالاک نییە و پێشنیار دەکەم بۆ بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ئەو لێژنە هاوبەشە و چالاککردنی لەم سەردانەدا وتووێژ بکرێت.
لەو کۆبوونەوەدا وەزیری دادی عێراقیش جەختی لە سەر پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو وڵات لە بواری یاسایی و داد و جێبەجێکردنی ڕێکەوتنەکانی پێشوو کردەوە و بۆ ئاڵوگۆڕی زیندانییەکانی نێوان هەر دوو وڵاتیش ئامادەیی دەربڕی./.