بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئامارەکانی ناوەندی نیشتمانیی مافی ژنان لە ئەمریکا پیشان دەدات کە لە مانگی ئەیلولی 2021، 309 هەزار ژنی 20 ساڵە و سەروتر بە تەواوی لە بازاڕی کار دوور کەوتوونەتەوە. ناوەندەکەش ئەم ئامارە بە گەورەترین ڕێژەی بێکاربوون پاش ئەیلولی 2020 ناو دەبات.
لە ساڵی 2020 لە ئەمریکا زیاتر لە 800 هەزار ژن کار و پیشەی خۆیان لە دەستدابوو.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە وەزارەتی کاری حکومەتەکەی بایدن لە ڕاپۆرتێکی مانگی ڕابردووی بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە ڕێژەی بێکاری ژنان لە ئەمریکا دابەزیوە.
ناوەندی نیشتمانیی مافی ژنان ڕایگەیاندووە کە چەندین هۆکار بۆ بێکاربوونی ژنانی ئەمریکا هەیە و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و لێکەوتنەکانی بە هۆکارێکی کاریگەر ناو بردووە.
بە پێی ڕاپۆرتەکانی ئەمریکا، لە ئێستادا ڕێژەی بێکاریی ژنانی ڕەشپێست لە ئەمریکا لە سەدا 7.3 و بۆ ژنانی سپی پێست ئەو ئامارە تەنیا لە سەدا 3.7 ڕاگەێندراوە./.