بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، چوارچێوەی هەماهەنگی خۆڕاگری عێراق 4 ئامۆژگاریی بۆ ئەو کەسانە خستەڕوو کە دژ بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی 10 ی ئۆکتۆبەری 2021 ناڕەزایەتی دەردەبڕن.
لە بەیاننامەی گرووپەکانی خۆڕاگریدا هاتووە: بۆ خەڵکی بەشەرەف و بە تایبەت ڕۆڵەکانی هۆزە ڕەسەنەکان و لایەنگرانی ئەو کاندیدانەی کە دەنگەکانیان لە خەراپترین پرۆسەی هەڵبژاردنەکان لە عێراق و ڕەنگە لە سەرجەم وڵاتانی جیهان دزراوە، دەڵێین:
بێ گومان ئێوە مافی ئەوەتان هەیە تا بۆ خستنەڕووی دژایەتی و توڕەیی خۆتان لە دزینی ئیرادە و دەنگەکانتان لە لایەن کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان و ئیرادە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانەوە بە ئاشتیانە خۆپێشاندان بکەن و ناڕەزایەتی دەرببڕن، ئەو ئیرادانەی کە نابنە سەرچاوە و هۆکاری خێر و خۆشی بۆ عێراقی ئازیز و خەڵکی ئازاد و خۆڕاگر و دژ بە داگیرکاری و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی، ئێمە داواکاری ڕەوای ئێوە بۆ گەڕانەوەی مافەکانتان بۆ خاوەنە ڕاستەقینەکانی بەرز دەنرخێنین و داواتان لێدەکەین کە دەرفەتی ئەوە نەدەن ناحەزان خۆپێشاندانە ئاشتیانەکەی ئێوە بەلاڕێدا ببەن. هەر بۆیە ئەم ئامۆژگارییانە باشترە لە بەرچاو بگیردرێت:
یەکەم: دوورکەوتنەوە لە سەرجەم ئەو کەسانەی کە داوای زیان گەیاندن بە موڵک و ماڵی گشتی و هەروەها خەڵک دەکەن و دەبێت سەر و ماڵی خەڵک پارێزراو بێت.
دووەم: نابێت موڵەتی داخستنی ڕێگاکان بدرێت و بەرژەوەندی خەڵک مەترسی لە سەر بێت، لە بەر ئەوەی کە ئێوە خاوەنی ئەو بەرنامەن کە ئامانجەکەی خزمەت بە خەڵک و مسۆگەربوونی ئامانجەکانی ئەوانە.
سێهەم: هێزە ئەمنییەکان قەڵغانی عێراق و قەڵای بەهێزی وڵاتن و ڕێزگرتن لەوان ئەرکێکی ئائینی، نیشتمانی و ئەخلاقییە و ئێوە بەردەوام باشترین یاوەر و پاڵپشتی ئەوان بوون و واش دەمێنێتەوە، هەر بۆیە پێویستە ڕێزگرتن لەوان لەبیر نەکەن، وەک چۆن کە ئەوانیش ئێوەیان پاراست و بۆ تەندرووستی هەڵبژاردنەکان و ئاسایشی، گیانی خۆیان خستە مەترسییەوە.
چوارەم: بۆ هێزە ئەمنییەکانی عێراقیش جەخت لەوە دەکەینەوە کە پاڵپشتی زوڵملێکراوان و قەڵایەک بۆ عێراق و خەڵکەکەی بن، وەک چۆن کە پێشتریش وا بوون./.