بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مەجید تەخت ڕەوانچی لە کۆبوونەوەی ڕۆژی سێ شەممەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە سەر دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وتی: دۆخی ئێستای فەڵەستین بووەتە جێی نیگەرانی و دەبێت کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش لە سەر تاوانەکانی ئیسرائیل دژ بە گەلی فەڵەستین هەڵوێستی هەبێت.
ناوبراو وتی: زیاتر لە حەوت دەیە بە سەر تاوان و دەسدرێژییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە فەڵەستین تێپەڕ دەبێت و هێشتا کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە بەرامبەر تاوانی ئەو ڕژێمەدا نەهاتووەتە دەنگ.
تەخت ڕەوانچی وتی: ڕژێمی زایۆنیستی بەردەوامە لە بێڕێزی بە پیرۆزییە مەزهەبی و ئیسلامییەکان، بۆ نموونە ئەو تاوانانەی کە لە لایەن زایۆنیستەکانەوە لە مزگەوتی ئەقسا دەکرێت.
دیپلۆماتکاری باڵای ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی: دۆخی مرۆڤی لە کەرتی غەززە بەردەوام ڕوو لە خەراپتربوون دەکات، گەمارۆی ئابوری ناوچەکەی لە ناو بردووە و خەڵکەکەی لە جیهانی دەرەوە دابڕیوە.
باڵیۆزی ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی: بەردەوامی گەمارۆی بێڕۆحمانەی غەززە، سزادانی بەکۆمەڵی مرۆڤە بێ تاوانەکانە، ئەمەش تاوانە لە دژی مرۆڤایەتی و هەڕەشەیەکی جیدییە لە سەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی، ئەمە هەنگاوێکی دڕندانەیە کە سەرجەم یاسا نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکات.
وتیشی کە ڕژێمی زایۆنیستی دەبێت لە سەر تاوانەکانی لە دژی فەڵەستینییەکان وەڵامدەرەوە بێت و ئەو تاوانانە نابێت بە بێ سزادان بمێنێتەوە./.