لەتیف فاتیح فەرەج، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی هەرێمی کوردستان لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی، سەبارەت بە دۆخی ناوچەکە کێشە لە سەرەکان لە پاش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی عێراق، وتی: دۆخی ناوچە کێشە لە سەرەکان پەیوەستە بە دۆخی عێراقەوە بە گشتی، کورد ئەمجارە لە سەرجەم ناوچەکان ژمارەی کورسییەکانی زیادی کردووە، لە کەرکوک 6 کورسییەکەی هێناوەتەوە و لە دیالە و موسڵ و سەڵاحەدینیش کورسیی هێناوە، لە موسڵ ژمارەی کورسییەکانی کورد زیادی کردووە، لە سەڵاحەدین بۆ یەکەم جارە کورد دەبێتە خاوەن کورسی و لە دیالەش کورسیی هێناوەتەوە.
ناوبراو وتی: دۆخی عێراق بە گشتی کاریگەریی لە سەر دۆخی ناوچەکە کێشە لە سەرەکانیش دەبێت، ئەگەر پەیوەندییەکانی نێوان هەر سێ پێکهاتەکە – کورد، سوننە، شێعە – باش بێت دەکرێت لە ڕێگای مادەی 140 ی دەستوورەوە کێشەی ئەو ناوچانە یەکلایی بکرێتەوە. چارەنووسی عێراق بە یەکەوە بەندە نەک بە یەک ناوچەی دیاریکراوەوە، هیچ لایەنێک زەرەرمەند نەبووە و ئەگەرچی ڕێژەیەکی زۆر کەم لە خەڵک بەشداری هەڵبژاردنەکانیان کردووە بەڵام ژمارەی کورسییەکان بۆ کورد مسۆگەر بووە.
ئەم شرۆڤەکارە سیاسییە لە درێژەدا سەبارەت بە پەیوەندی نێوان پارتی دیمۆکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە کەرکوک و ناوچە کێشە لە سەرەکان، وتی: ئەو دوو حیزبە هیچ کات کۆک نەبوون و ناکۆکییەکانی ئەوان لە ساڵی 2003 بە دواوە زیاتر دەستیپێکرد و ئەو ناکۆکییانەش زۆر بواری جیاجیای گرتووەتەوە و زیانی گەورەشی بە کەرکوک بە تایبەت لە کورد گەیاندووە، ئەم دوو حیزبە قەد پرۆژەیەکی هاوبەشیان بۆ ناوچە کێشە لە سەرەکان نەبووە، تەنانەت سەبارەت بە مادەی 140 ی دەستووریش ئەو ناکۆکی و نەبوونی پرۆژەی هاوبەشە بینراوە.
لەتیف فاتیح فەرەج لە کۆتاییدا وتی کە یەکێتی و پارتی لە دانانی پارێزگاری کوردیش بۆ کەرکوک ناکۆکییەکانیان زۆر بووە و نایانەوێت خزمەتی دانیشتووانی ناوچە کێشە لە سەرەکان بکەن. پێم وا نییە کە ڕێکەوتنێکی نیشتمانی بۆ دابەشکردنی پۆستەکان بکرێت، بۆ نموونە پارتی بڵێت لە بەرامبەر پۆستی پارێزگاری کەرکوک دەنگ بە کاندیدی یەکێتی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار دەدەین.
وتووێژ: هاودەنگ محەممەد