بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە دوایین کۆبوونەوەی لوتکەی ڕێکخراوی هاریکاری شانگهای، ئێران لە ئەندامی چاودێرەوە بووە نۆیەم ئەندامی هەمیشەیی ئەم ڕێکخراوە.
ئەندامبوونی ئێران لەم ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە بەدەر لە دەسکەوتە سیاسی و ئەمنییەکان، دەرفەتی ئابوری زۆریش دەخاتە بەردەم چالاکوانانی ئابوری ئێران و ڕێگای ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانیش لە گەڵ وڵاتانی ئەندام لەو ڕێکخراوە ئاسانتر دەکات.
هاوپەیوەند لە گەڵ ئەمە، سەرۆکی ڕێکخراوی پەرەپێدانی بازرگانی ئێران ڕایگەیاند کە ئەندامبوونی فەرمی ئەم وڵاتە لە ڕێکخراوی شانگهای وەرزێکی نوێی پەیوەندییە سیاسی و ئابوری و ڕۆشنبیرییەکانی ئێران و ئەو هەشت وڵاتەکەی دیکەی بە دواوە دەبێت.
عەلیڕەزا پەیمان پاک جەختیکردەوە کە دەبێت لەم دەرفەتە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان کەڵک وەربگرین و وتی: دەزگای دیپلۆماسیەتی ئابوریی ئێران دەتوانێت لەم هەلومەرجە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابورییەکان باشترین کەڵک وەربگرێت.
پەیمان پاک وتی: بۆچوونێکی هاوبەش بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە گەڵ وڵاتانی ئەندام لە ڕێکخراوی شانگهای هەیە و ئەنجومەنێکی هاوبەش بە بەشداری سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانیش بۆ مسۆگەربوونی ئامانجەکان پێکهاتووە./.