بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، توێژینەوەیەکی نێودەوڵەتی بەو ئەنجامە گەیشتووە کە سعوودیە وڵاتێکی دیکتاتۆرییە کە تێیدا ئازادییە گشتییەکان بوونی نییە و لە لایەن دیکتاتۆرێکەوە واتە محەممەد بن سەلمان بەڕێوە دەبرێت.
لەو توێژینەوەدا کە لە لایەن توێژەر ” سایمۆن هێندرسۆن ” ئامادە و پەیمانگەی واشنتن بۆ سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی نزیک بڵاویکردووەتەوە، هاتووە کە گۆڕانکارییەکانی سعوودیە بە سەرکردایەتی بن سەلمان بە دڵنیاییەوە شێوازی دیمۆکراسیی پێوە نابینرێت.
ئەو توێژینەوە ڕایگەیاندووە کە حکومەتی سعوودیە هێشتا دیکتاتۆرییە و مافی هاووڵاتیبوون بە مافی سرووشتیی خەڵک نازانێت.
لەو توێژینەوەدا بە ئاماژە بە نالەباریی دۆخی نێودەوڵەتی سعوودیە هاتووە کە حکومەتی ئەمریکا خۆیی لە بن سەلمان بە دوور گرتووە و تەنیا موڵەتی ئەوەی داوە کە لە ڕێگای لۆید ئۆستن وەزیری بەرگرییەوە پەیوەندی بگرێت و ئەمەش ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو وڵات پیشان دەدات.
سایمۆن هێندرسۆن هەروەها ئاماژەی بە قەیرانی ئابوری سعوودیە داوە و جەختیکردووەتەوە کە بەرپرسانی سعوودیە بە نهێنی دان بەو قەیرانەدا دەنێن و ئاسۆی 2030 کە باشترە بە 2040 ناو ببرێت، تەنیا خەون و خەیاڵە.
بە پێی توێژینەوەکە، سعوودیە یەکەم وڵاتە کە زۆرترین گۆڕانکاریی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەبووە بەڵام بنەما سەرەکییەکانی وەک خۆی ماوەتەوە.
پەیمانگەی واشنتن بۆ سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی نزیک لە توێژینەوەکەدا باسی ئەوەیکردووە کە لە هەفتەکانی پاش 11 ی سپتمبێر، ڕۆبێرت جوردەن باڵیۆزی پێشووتری ئەمریکا لە سعوودیە، لە گەڵ میری ڕیاز بە ناوی شازادە سەلمان بن عەبدولعەزیز کۆبووە، پاش ئەوەش ئەو بەرپرسەی ئەمریکا بە کەناڵی سی ئێن ئێنی ڕاگەیاند کە شازادە پێی وتووە کە ڕووداوەکەی 11 ی سپتمبێر پلانی ئیسرائیل و لە لایەن دەزگای هەواڵگری مۆسادەوە جێبەجێ کراوە.
هێندرسۆن ڕایگەیاندووە کە وەڵامی شازادە نایف وەزیری ناوخۆی سعوودیە لەو کاتەدا هاوشێوەی لێدوانەکەی سەلمان بن عەبدولعەزیز بووە و ئەم لێدوانانە زیاتر وەک کارەساتێک بووە، من بە پێی ئەو زانیارییانەی پێم گەیشت، نایف و برایەکی پارەیان بۆ سەرکردایەتی قاعیدە بە ئۆسامە بن لادن دابوو.
ئەو توێژەرە لە درێژەدا ڕایگەیاندووە کە سوڵتان نایف کۆچی دوایی کرد بەڵام سەلمان بن عەبدولعەزیز ئێستا شای سعوودیەیە و دەسەڵاتی ئەم وڵاتەی بە دەستەوەیە، ئەگەرچی دەسەڵات بە کردەوە لای کوڕە تەمەن 36 ساڵەکەی بە ناوی محەممەد بن سەلمانە.
ئەگەرچی سعوودیە بە فەرمی نەبووەتە ئەندامی ڕێکەوتنی ئابراهام بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ ڕژێمی ئیسرائیل بەڵام بن سەلمان ڕەزامەندیی لە سەر بڕیاری وڵاتانی ئیمارات و بەحرەین بۆ ئەو کارەیان دەربڕی، ئێستاش ڕۆژانە گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان تەل ئەبیب و ئیمارات و بەحرەین لە ڕێگای هەرێمی ئاسمانیی سعوودیەوە دەکرێت. ئەم سیاسەتەی بن سەلمان بۆ نزیکبوونەوە لە ڕژێمی زایۆنیستی لە کاتێکدایە کە شای سعوودیە بەردەوام جەخت لە سەر دۆسیەی فەڵەستین دەکاتەوە.
لە پاش تیرۆری دڕندانەی جەمال خاشقچی، ڕۆژنامەنووسی ڕخنەگری سعوودی، پێگەی نێودەوڵەتی بن سەلمان زیانی زۆری بەرکەوتووە و کەمپینێکی نێودەوڵەتی لە سەر سەرکوتکارییەکانی ناوبراو پێکهێنراوە. ڕووداوی دەستبەسەرکردن و بەرتیل وەرگرتن لە چەند گەورە بازرگانێک لە ڕیاز لە ساڵی 2017 بە هەمان شێوە زەنگی مەترسیی بۆ ئەو وەبەرهێنەرە بیانییانە لێدا کە ویستی کار و پرۆژەی ئابوری و بازرگانییان لە سعوودیە هەبوو.
بە دڵنیاییەوە کە سعوودیە بە هیچ شێوازێک هەنگاو بەرەو دیمۆکراسی هەڵناگرێت و حکومەتی ڕیاز وەک دیکتاتۆرێک مامەڵە دەکات و مافە سەرەتاییەکانی خەڵک وەک دەنگدان هیچ کات لەو وڵاتە جێبەجێ نەکراوە./.