بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، فیدراسیۆنی جیهانی ژوورە بازرگانییەکان هەر مانگ ژوورە نموونە و چالاکەکان لە نێوان ژوورە بازرگانییەکانی سەرتاسەری جیهان دەناسێنێت و بە پێی دوایین لێکدانەوەکانی، هەر دوو ژووری بازرگانی کرماشان و شیرازی ئێرانی وەک ژوورە چالاکەکانی مانگی ئەیلولی 2021 ناساندووە.
پێشتریش ژوورە بازرگانییەکانی خوڕەمئاوا، تاران و شیراز وەک ژوورە چالاکەکانی فیدراسیۆنی جیهانی لە هەر دوو مانگی تەمموز و ئاب ناویان تۆمار کرابوو.
بە پێی ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ئێرانی ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی، بە دەستهێنانی نازناوی ژووری بازرگانی مانگ لە نێوان ژوورە بازرگانییەکانی جیهان، ئەویش تەنیا لە ماوەی 9 مانگ دەستپێکردنی ئەم پرۆسەی هەڵبژاردنە، بە سەرکەوتن و دەسکەوتێکی گەورە دادەنرێت.
ژووری بازرگانی و پیشەسازی کرماشان بەم بۆنەوە ڕایگەیاندووە کە هەڵبژاردنی وەک ژووری چالاکی جیهان لە مانگی ئەیلول پەیوەندی بە چالاکییەکانی لە بواری بڵاوکردنەوەی هەواڵ، چالاکییە ئابوری، فێرکاری و هەروەها هەواڵەکانی تایبەت بە کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی هاوبەشی حکومەت و کەرتی تایبەتەوە بووە.
ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی دامەزراوەیەکە کە لە 2 هەزار و 780 ژووری بازرگانی لە سەرتاسەری جیهان پێکهاتووە و بارەگاکەی لە پاریسە و لە 108 وڵاتی جیهان بە تایبەت لە ئێران کۆمیتەی چالاکی هەیە.
کەیوان کاشفی سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی کرماشان ڕایگەیاندووە کە هەڵبژاردنی ئەم ژوورە وەک ژووری چالاکی مانگی ئەیلولی 2021، ئەویش لەم هەلومەرجە دژوارە ئابورییەی ئێران و قەیرانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، سەرکەوتنێکی گەورە و بەبایەخە بۆ کەرتی تایبەت./.