بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کۆنفرانسەکەی مۆسکۆ بۆ تاوتوێکردنی دۆخی ئەفغانستان بڕیارە سێ شەممەی ئەم هەفتەیە – 19 ی تشرینی یەکەمی 2021 – بەڕێوە بچێت. ڕووسیا، چین، ئەمریکا و پاکستان کۆنفرانسەکە بەڕێوە دەبەن، تاڵیبان تێیدا بەشداری دەکات و کۆماری ئیسلامی ئێران و هیندستانیش بانگهێشت کراون.
زەمیر کابوڵۆف نێردەی تایبەتی سەرۆک کۆماری ڕووسیا بۆ کاروباری ئەفغانستان ڕایگەیاندووە کە تاڵیبان (پێشتر لە ڕووسیا وەک تیرۆریست ناسراوە و قەدەغەکراوە) بانگهێشتی کۆنفرانسەکەی قبووڵ کردووە و مۆسکۆ هیوای بەوە هەیە کە بە ڕاشکاوانە وتووێژ لە گەڵ شاندەکەی ئەم گرووپەدا بکرێت.
ناوبراو وتی: شاندێک لە کابوڵەوە بانگهێشت کراوە و ئەوان بڕیاریان لە سەر بەشداریکردن لە کۆنفرانسەکەی 19 ی تشرینی یەکەمی مۆسکۆ داوە.
نێردەی تایبەتی سەرۆک کۆماری ڕووسیا ڕایگەیاندووە کە ئەم وڵاتە بۆچوونی خۆی بە ئاشکرا بە شاندەکەی تاڵیبان دەڵێت، ئەویش لە پێناو دەستپێکردنی سەرەتایەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.
گرووپی تاڵیبان نزیکەی دوو مانگە کۆنتڕۆڵی ئەفغانستانی کردووە و ڕووسیا لە ڕێگای باڵیۆزخانەکەیەوە لە کابوڵ لە گەڵ ئەم گرووپە لە پەیوەندیدایە و باڵیۆزی ڕووسیا بووەتە بەرپرسی پاراستنی پەیوەندییەکان لە گەڵ تاڵیبان.
حکومەتی کاتیی تاڵیبان تا ئێستا لە کۆنتڕۆڵکردنی کاروباری ئەفغانستان سەرکەوتوو نەبووە، دۆخی ئەم وڵاتە هێشتا ئاڵۆزە و تاڵیبان بەڵێنەکەی خۆیی لە پێناو پێکهێنانی حکومەتێکی گشتگیر و بنکەفراوان جێبەجێ نەکردووە.
ڕووسیا لە لایەکەوە داوای هاوبەشی لە تاڵیبان دەکات و لە لایەکی دیکەوە پێگەی سەربازی وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست بۆ ڕێگری لە تێکچوونی دۆخی ئەم ناوچە بەهێز دەکات.
بەرپرسانی ڕووسیا لە ئاستە جیاجیاکاندا ڕایانگەیاندووە کە بە وردی دۆخی ئەفغانستان تاوتوێ دەکەن و لە ئەگەری پێویست ڕێوشوێنی تایبەت بۆ ڕوبەڕوبونەوەی دۆخەکە بەکار دەگرن.
لەم دوو مانگەی حکومەتی تاڵیبان، تاوتوێکردنی دۆخی ئەفغانستان بەردەوام وەک کارێکی سەرەکی لای بەرپرسانی باڵای ڕووسیا بووە.
ئەندرە کازانتسۆف مامۆستای زانکۆی حکومیی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان سەر بە وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاندووە کە نیگەرانییەکی زۆر لە جموجوڵی گرووپە توندڕۆ نێودەوڵەتییەکان لە باکوری ئەفغانستان هەیە.
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە گرووپی تاڵیبان پەیوەندیی بەو گرووپە نێودەوڵەتییانەوە هەیە بەڵام تا ئێستا هەوڵیان داوە کە هێرش نەکە سەر وڵاتانی دراوسێ.
ڕاشیگەیاندووە کە ئاڵۆزبوونی ڕەوشی ئەفغانستان گەورەترین مەترسی ئەمنییە لە سەر وڵاتانی دراوسێ.
هەروەها ئەندرە سرێنکۆ بەڕێوەبەری ناوەندی کۆمەڵەی شرۆڤەکارانی ڕووسیا پێی وایە کە نزیکبوونەوەی تاڵیبان لە سنورەکانی تاجیکستان یان وڵاتانی خاوەن بەرژەوەندی هاوبەش بابەتێکی کۆنە و ئەم گرووپە بە کردەوە لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوو بەشێک لە بارەگا و خاڵە سنورییەکانی نێوان ئەفغانستان و تاجیکستانی کۆنتڕۆڵ کردووە.
ڕاشیگەیاندووە کە ڕووسیا لە ڕێگای ڕێکەوتنێکی ئەمنی هاوبەشەوە دەیەوێت ئاسایشی هاوپەیمانەکانی لە ئاسیای ناوەڕاست بپارێزێت.
کۆنفرانسەکەی مۆسکۆ لە کاتێکدا بەڕێوە دەچێت کە ڤلادیمیر پوتین سەرۆک کۆماری ڕووسیا ڕایگەیاندووە وڵاتەکەی هیچ پەلە لەوەدا ناکات کە حکومەتی تاڵیبان لە ئەفغانستان بە فەرمی بناسێت.
پوتین ڕایگەیاندووە کە هاوکاریکردن و بوونی پەیوەندی لە گەڵ تاڵیبان لە گەڵ ئەوەی کە بە فەرمی بناسرێت، دوو بابەتی جیان.
سرگێی لاوڕۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیاش ڕایگەیاندووە کە مەرجی ئەم وڵاتە بۆ بە فەرمی ناساندنی تاڵیبان بەندە بە هەڵسووکەوت و بەراوردکردنی کار و کردەوەکانی ئەوان لە گەڵ بەڵێنەکانیان.
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە دەبێت ڕوون ببێتەوە هەڵسووکەوتی تاڵیبان تا چەندە لە گەڵ بەیاننامە و بەڵێنەکانی ئەم گرووپە یەک دەگرێتەوە.
تاڵیبان کە لە لایەن ڕووسیاوە بە گرووپێکی تیرۆریستی و قەدەغەکراو دەناسرێت بەو ئامانجەی بانگهێشتەکەی قبووڵ کردووە کە دەرگایەک لە مۆسکۆوە بۆ ناساندنی لە لایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە بکاتەوە./.