هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی لە وتوویژی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی سەبارەت بە پەیوەندییە کەلتوری و ڕۆشنبیرییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستان، وتی: پەیوەندییە کەلتورییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی باشدایە، کردنەوەی پێشانگای هاوبەشی پیشەسازی دەستی ژنای هەر دوو لاش نموونەی زیندووی ئەو بارودۆخەن و ئەو دەستپێشخەرییانەی کە لە سنە، کرماشان، بانە، مازندەران، تەورێز، تاران و … کراون، هەمووی بە هاوبەش دەزانین لە بەر ئەوەی کە پێمان وایە کە میراتی کەلتوری سامانێکی مرۆڤایەتییە و خاوەندارێتییەکەی بۆ گەل و نەتەوەیەک ناگەڕێتەوە.
ناوبراو وتی: هەموومان دەمانەوێت کە پەرە بە پەیوەندییەکان بدەین و بەرفراوانتر و پتەوتری بکەین، ئێمە لە سەرجەم ئاستەکاندا لێک نزیکین، لە هونەرە جوانەکان، لە مۆسیقا، پەیکەرتاشی، لە بواری ئەدەب، وەرگێڕان، دراما، ڕۆمان و چیرۆک، فیلم و سینەما و …. ئەم تێکەڵاوییە دەبینرێت.
پارێزگاری سلێمانی وتی: ئێران خاوەن کەلتورێکی قوڵ و ڕەسەن و شارستانیەتێکی گرنگە کە کوردیش وەک نەتەوەیەکی زیندوو بەشدارە تێیدا و هەموومان پێکەوە دەبێت ئەم ناوچەیە لە ڕووی کەلتورییەوە بپارێزین و کۆماری ئیسلامی ئێران لەم بوارەدا هەنگاوی گەورەی هەڵگرتووە، بۆ نموونە ئەوەی کە لە گوندەکانی وەک هەجیج بینراوە./.