بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەبدولڕەزا فەرەجی ڕاد، شرۆڤەکاری باڵا لە سیاسەت و کاروباری نێودەوڵەتی، لە وتووێژێکدا سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی 10 ی تشرینی یەکەمی 2021 ی عێراق، وتی: سەرەتا هەست بەوە دەکرا کە تا ڕادەیەک هەڵبژاردنەکان بە تەندرووستی بەڕێوە چووە بەڵام ئاماژەکان پیشان دەدەن کە کەموکوڕی زۆریش هەبووە، ئەوەش لە ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان و سکاڵا و هەژمارکردنەوەی دەستیی دەنگەکاندا بینرا، ئەوەمان بینی کە دەنگی هەندێک لایەنی شێعە تووشی گۆڕانکاری بوو و دەنگی سەدرییەکانیش هاتە خوارەوە.
ناوبراو وتی: ئەمەش پیشان دەدات کە کەموکوڕییەک بە ئەنقەست یان بە هەڵە هەبووە بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە ئەم گومانەی سەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بووەتە هۆکاری کێشەکانی ئێستا. خاڵی دیکە کە پەرەی بە گومانەکاندا وتارەکەی سەرۆکی ڕەوتی سەدرە کە پێش ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان وەک سەرکردەی تەواوی عێراق خۆیی پیشان دەدا و هەڕەشەی لە هەندێک لایەنی شێعە دەکرد، بەم دۆخەوە ئاساییە کە لایەنەکانی دیکەش کاردانەوەیان هەبێت، بە تایبەت ئەوەی کە سەدرییەکان پێش ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بە ئاشکرا و لە سەر شەقامەکانی عێراق هەڕەشەیان لە لایەنی دیکەی براوە واتە دەوڵەتی یاسا دەکرد.
فەرەجی ڕاد وتی: بە بۆچوونی من دۆخەکە تا ڕادەیەک دژوار بووە و بەم ئاسانییە حکومەتی نوێی عێراق پێک ناهێندرێت، مستەفا کازمیش بۆ چەندین مانگی دیکە لە دەسەڵاتدا دەمێنێتەوە تا ئەوەی کە لایەنەکان لە نێو پەرلەمان دەگەنە ڕێکەوتن و دوا جار حکومەت پێک دەهێنن.
ئەم شرۆڤەکارە نێودەوڵەتییە وتی: سەبارەت بەوەی کە هەڵبژاردنەکان هەڵدەوەشێتەوە یان نە، دەبێت بڵێم کە بە پێی ئەوەی ڕێژەی بەشداریکردنی خەڵک زۆر کەم بووە، واتە لەوانەی مافی دەنگدانیان هەبووە تەنیا لە سەدا 20 بەشدارییان کردووە و لەوانەش کە کارتی دەنگدانیان وەرگرتووە لە سەدا 42 و ئەمەش ئەزموونێکی تاڵە بۆ پرۆسەی دیمۆکراسی کە خەڵک متمانەیان پێی نەبووە، ئەگەر بیانەوێت هەڵبژاردنەکان هەڵبوەشێننەوە و دیسانەوە پرۆسەکە بەڕێوە بچێت ڕێژەیەکی کەمتر لەمەی ئێستا بەشداری دەکەن.
عەبدولڕەزا فەرەجی ڕاد وتی: وەک چۆن دەزانین کە لە ڕابردوودا کاتێک نوری مالیکی سەرۆک وەزیران بوو و بۆ داماڵینی چەکی سوپای مەهدی سەر بە موقتەدا سەدر هەوڵیدا و شەڕ و پێکدادان هاتە پێشەوە، ئەم دوژمنایەتییە لەو کاتەوە ماوەتەوە، بەڵام ئەمە نابێتە پاساوی ئەوەی کە ئێستا لایەنێک کە دەنگی زیاتری بەراورد بەو لایەنەکە هێناوە، ڕوو لە هەڕەشە و توندووتیژی بکات، بە بۆچوونی من ئەو هەڵسووکەوتەی کە لایەنی براوە بەکاری هێنا ڕۆڵی گەورەی لەم قەیرانەدا هەیە.
ناوبراو سەبارەت بە لێدوانەکانی موقتەدا سەدر بۆ داماڵینی چەکی هەندێک گرووپی عێراقی، وتی: سوپای مەهدی سەر بە سەدر یەک لەو گرووپانەیە کە چەکیان لایە و تەنانەت کۆنتڕۆڵکردنی ئەو کەسانەش زۆر ئەستەمە، هەر بۆیە ئەگەر سەدر بیەوێت لەم بوارەدا هەنگاوێک هەڵبگرێت دەبێت لە سوپای مەهدییەوە دەست پێبکات، ئەو سەرەتا دەبێت سوپای مەهدی چەک بکات تا لایەنەکانی دیکەش لێی دڵنیا ببنەوە کە لەم کارەدا جیدییە، سەدر ئەوەی پیشانداوە کە زۆر گرنگی بە وتووێژ و دیپلۆماسی نادات، هەر بۆیە لە ئەگەری بەردەوامی ئەم هەڵوێست و لێدوانانە دەتوانێت پێکدادانی لایەنە شێعەکانی بە دواوە بێت.
فەرەجی ڕاد وتی: نابێت ئەوەش لەبیر بکرێت کە سەدر بە 72 کورسی یان زیاترەوە ناتوانێت بە تەنیا حکومەت پێک بێنێت، لە بەر ئەوەی کە لایەنی بەرامبەریش بەم ڕێژەیە کورسیی بۆ کۆدەکرێتەوە، ئەگەر دەوڵەتی یاسا، هاوپەیمانی فەتح و ڕەوتەکەی حەکیم پێکەوە بن کێبڕکێی سەدرییەکان دەکەن، ئەگەر سەدر لە گەڵ حەلبوسی بێت ئەم لایەنەکەش لە گەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان و لایەنە بچووکەکانی دیکە دەتوانێت هاوپەیمان بێت، هەر بۆیە لە پەرلەمانی عێراقدا جیاوازییەکی ئەوتۆ نابینرێت.
ئەم شرۆڤەکارە سیاسییە وتی: ئەگەر هەندێک لایەن لە گرووپەکانی نزیک لە ئێران ڕازی نین، بە هەمان شێوە لە هەڵسووکەوت و کردەوەی موقتەدا سەدریش دڵنیا نین.
ناوبراو سەبارەت بە لێکەوتنەکانی سەرکەوتنی سەدر لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی عێراق، وتی: لە ڕووی سیاسەتی دەرەوە بە بۆچوونی من عێراق لە جیهانی عەرەبی نزیک دەبێتەوە، سەدر خۆی بە تەنیا ناتوانێت حکومەت پێک بێنێت و دەبێت لە لایەنەکانی وەک حەلبوسی نزیک ببێتەوە، کاتێک دەبینی کە کەسێک لە سوننەکان ئەو دەنگە باڵایە بە دەست دێنێت، ئەویش بە کەمتر لە یەک ساڵ، پیشاندەری ئەوەیە کە ئەو کاندیدە پارەی بۆ سەرف کراوە و دەبێت کاتێک دەگاتە دەسەڵات وەڵامی ئەو وڵاتەی پاڵپشتی خۆی بداتەوە، هەر بۆیە ڕۆڵی وڵاتانی عەرەبی ناوچەی کەنداوی فارس زیاتر دەبێت، بە دڵنیاییەوە بە پێی سیاسەتەکانی سەدر هەوڵ دەدات لە ئێران دوور ببێتەوە، بەو مانایە کە لە پاش هاوپەیمانی سیاسی دەیەوێت ڕۆڵی سەرەکی و مەرجەعیەتی هەبێت و ئەمەش لە گەڵ ئەوەی کە لە ئێران دەبینرێت جیاوازیی هەیە، واتە ئەوەی کە ناتوانێت ئەمە بە دەست بێنێت هەر بۆیە پێگەی خۆی دەباتە وڵاتانی ناوچەی کەنداوی فارس و لە ڕێگای ئەو وڵاتانەوە دەیەوێت بە ئامانجەکانی بگات، تێڕوانینی لە سەر پرسە ناوخۆییەکانیش هەر وایە و ئەم تێڕوانینەش گۆڕانکاریی لە سیاسەتی دەرەوەدا بە دواوە دەبێت.
عەبدولڕەزا فەرەجی ڕاد لە کۆتاییدا وتی: سەدر بە تەنیایی ناتوانێت دەسەڵاتی عێراقی بە دەستەوە بێت، لایەنەکانیش لە هەر دوو بەرە بۆ ئەوەی کە پێکدادان و ئاڵۆزی لە عێراق نەبینرێت بە ناچار گرنگی بە کەسانی دیکە دەدەن کە بە بۆچوونی من دۆخەکە لە بەرژەوەندی مستەفا کازمیدایە./.