بە تێپەڕبوونی نزیکەی دوو مانگ بە سەر کەوتنی کابوڵ و بە دەسەڵات گەیشتنی تاڵیبان و دەرکردنی ئەمریکییەکان لە ئەفغانستان، بەدەر لە ڕووداوەکانی فڕۆکەخانەی کابوڵ و ویلایەتی پەنجشیر، کەمتر ڕووداوێکی ئەمنی لەم وڵاتەدا بینراوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە هێرشی ڕێکخراو لەم ڕۆژانەدا ناوچە شێعەنشینەکانی کردووەتە ئامانج و دەیەوێت ڕەهەندێکی ئایدۆلۆژیک بەم بەشە لە ئاڵۆزییەکانی ئەفغانستان ببەخشێت.
داعش پێداگری لەوە دەکات تا وەک ئەنجامدەری ئەم ئاڵۆزییانە بناسرێت. ئەمەش بەو مانایە دەبێت کە ئەم گرووپەی سەر بە ئەمریکا دەیەوێت لە یەکەم هەنگاودا خۆی وەک ڕکابەرێک بۆ دەسەڵاتدارانی ئێستای ئەفغانستان بناسێنێت و لە هەنگاوی دووەمیشدا بەرەی نوێی دژ بە شێعە لەم وڵاتەدا دەست بە چالاکی بکات.
دەوترێت کە تاڵیبان کێشەیەکی لە گەڵ قاعیدە وەک دوژمنی ئەمریکا لە ئەفغانستاندا نییە و تەنانەت هەوڵ دەدات تا لەم دەفرایەتییە لە کاتی پێویستدا لە بەرامبەر دەسەڵاتدارانی کۆشکی سپی کەڵک وەربگرێت، لەم هەلومەرجەدا ئاشکرایە کە ئەمریکا بەهێزکردنی داعش لە پاش کشانەوە و دەرکردنی هێزەکانی لە ئەفغانستان وەک ستراتیژێک پەیرەو دەکات. لە ستراتیژی ئەمریکییەکاندا دوژمنەکانی ئەو وڵاتە هیچ کات لە ناو نابرێن و بە لاوازی بۆ ڕۆژی پێویست و بۆ ئامانجێکی دیکە دەمێننەوە.
پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان لە ئەفغانستان ئەگەرچی لەم ڕۆژانەدا ڕەنگ و بۆنی ئایدۆلۆژیکی پێدراوە بەڵام لە تێڕوانینێکی گشتیدا دەتوانێت بەشێک لەو کێشانە بێت کە لەم ڕۆژانەدا و بۆ هەفتەکانی داهاتووش بەرۆکی دەسەڵاتی تاڵیبان دەگرێتەوە. بێگومان کێشەکانی وەک نەبوونی شەرعییەتی نێودەوڵەتی، قەیرانی ئابوری، بازرگانی، بانکی و کۆچکردنی خەڵکی ئەفغانستان بەپەلەترینی ئەو کێشە و قەیرانانە دەبن. کەڵەکەبوونی قەیرانەکان و ئێستا کێشە ئەمنییەکان ئەگەر دەسەڵاتی تاڵیبان بەرەو ڕووخان نەبات، دەتوانێت بەرەوپێشچوونی لاواز بکات. ئەمریکا بە کەڵک وەرگرتن لە داعش دەیەوێت ئەوەی کە لە ماوەی بیست ساڵ لە ئەفغانستان بۆی مسۆگەر نەکرا، بە دەستی بێنێت./.